پەیامی کورد... لە سێ مانگی یەکەمی 2023 زیاتر لە پێنج هەزار کۆچبەر لە دەریای ئیجە دەستبەسەر کراون
تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 5153 کۆچبەری نایاساییان لە دەریای ئیجەدا دەستبەسەر کردووە، کە هەوڵیانداوە لە تورکیاوە بە رێگای نایاسایی خۆیان بگەیێننە یۆنان.
لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی بەرەو ئەوروپا بەردەوامە، زۆر لە کۆچبەران رێگای دەریای ئیجە هەڵدەبژێرن بۆ گەیشتن بە خاکی ئەوروپا، زۆرجاریش کاتێک دەگەنە یۆنان، بە بەلەمی لاستیکی رەوانەی سنوورە ئاوییەکانی تورکیا دەکرێنەوە و لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەستبەسەر دەکرێن.
لەمبارەیەوە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە لە یەکی کانوونی دووەم تاوەکو 31ـ3ى ئەمساڵ (2023)، 5153 کۆچبەری نایاساییان لە دەریای ئیجەدا دەستبەسەر کردووە، کە "لەلایەن یۆنانەوە بەزۆر رەوانەی سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کراونەتەوە".
بەپێی راگەیێندراوەکە، تیمەکان رێگرییان لە 2232 کۆچبەری دیکەش کردووە، بە رێگای نایاسایی خۆیان بگەیێننە ئەوروپا.
ئەوەش هاتووە :زۆرترین هەڵمەت و ئۆپەراسیۆنەکانی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لە شاری ئیزمیر بووە، بە جۆرێک لە مانگی کانوونی دووەمدا 790، لە مانگی شوباتدا 542 و لە مانگی ئاداردا 821 کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکانی ئیزمیر دەستبەسەرکراون.
ئاماژە بەوەشكراوە كە تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە پارێزگای چاناککالە 1242، لە موغڵا 970، لە ئایدن 581 و لە باڵکئەسیر 207 کۆچبەری نایاساییان دەستبەسەر کردووە، ئەو کۆچبەرانە بە گوتەی فەرماندەییەکە لەلایەن یۆنانەوە بە زۆر گەڕێندراونەتەوە تورکیا.
هەروەها تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییدا لە چاناککالە 555، لە موغڵا 423، لە ئایدن 284 و لە باڵکئەسیر 150 کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە