پەیامی کورد ... ھاوپەیمانی فەتح لە عێراق کە ھادی عامری، سەرکردەی رێکخراوی بەدر سەرۆکایەتی دەکات، داوای لە حکوومەتی فیدرال کرد تێبینی و یاداشتنامەیەکی ناڕەزایی بدات بە ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد.
عامری داوای لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی چەند زانیارییەکی پەیوەست بە سەروەت و سامانەکانی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، تێبینی و یاداشتانەمەیەکی ناڕەزایی بدات بە ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد.
رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ھەندێک زانیاری لەبارەی سەروەت و سامانی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو کە لە کاتێکدا گەندەڵی سەرجەم سێکتەرەکانی لە ئێران گرتووەتەوە، کەچی لە ئێستادا سەروەت و سامانەکەی عەلی خامنەیی بە ٢٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لە راگەیندراوێکدا، ھاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەداوە کە جۆی ھوود، ھەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کەسێکە ھیچ جێگای پەسەند نییە.
ھاوپەیمانی فەتح باسی لەوەشکردووە، ھەڵسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ھەوڵدەدات لەژێر فشار و کاریگەری ئیرادەی جوولەکەوە، ھەموو یاسا و دابوونەریتی دیپلۆماتی ببەزێنێت، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشینتۆنیش لەکەدار بکات و تێکی بدات.
لە راگەیندراوەکەدا، ھاوپەیمانی فەتح بانگەوازی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کردووە، ئەو زانیارییانەی کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەبارەی عەلی خامنەیی بڵاویکردووەتەوە، بسڕێتەوە.
ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاندووە، رەتیدەکاتەوە کە نێردە دیپلۆماتییەکان لە عێراق بۆ سووکایەتیکردن بەرامبەر ھەر وڵات یان مەرجەعێکی ئاینی بەکار بھێندرێت.
لە کۆتاییدا ھاوپەیمانی فەتح داوای لە حکوومەتی فیدرال کردووە کە لە ھەمبەر بڵاوکردنەوەی زانیارییەک لەبارەی سەروەت و سامانەکانی عەلی خامنەیی، تێبینی و یاداشتانەمەیەکی ناڕەزایی بدات بە ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە