پەیامی کورد... لەشەش مانگدا ١٠ هەزار پەنابەر لە کەناڵی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە
وەزارەتی ناوخۆیی بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ـەوە زیاتر لە ١٠ هەزار پەنابەر بە بەلەمی بچوک لە کەناڵی ئینگلیزییەوە پەڕیونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە ئامارێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٠ هەزار و ١٣٩ پەنابەر لە کەناڵی ئینگلیزی پەڕیونەتەوە.
بەپێی ئەو ئامارەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە بەراورد بە ئامارەکانی ماوەی رابردوو پەڕینەوە لەو کەناڵە کەمیکردووە، بەپێی ئامارەکە لە ١٠ بۆ ١٧ـەی ئەم مانگە دوو هەزار و ٥٠٠ پەنابەر لە کەناڵی ئینگلیزی پەڕیونەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەریتانیا پلانی هەیە ئەو پەنابەرانەی لە کەناڵی ئینگلیزییەوە دەچنە خاکەکەی لە مافی پەنابەرێتی بێبەشیان بکات و ساڵی رابردووش یاسایەکی بۆ ناردنی پەنابەران بۆ رواندا دەرکرد، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری ئەوروپا ئەو یاسایەی رەتکردەوە و ریگری کرد لە جێبەجێکردنی.
لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا زۆرترین پەنابەر لە کەناڵی ئینگلیزییەوە چوونەتە بەریتانیا کە ژمارەیان ٤٥ هەزار پەنابەر بووە و ئەو ژمارەیەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە