پەیامی کورد... لە تورکیا هەڵاوسان بەرزترین ئاستی لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا تۆ مار کردووە
ئاستی هەڵاوسان لە تورکیا ئەمڕۆ ئاستی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە ٦١.١٤٪، ئەو ئاستە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا پێشینەی نەبووە.
پەیمانگای ڕووپێویی تورکیا ئاشکرای کرد، لە مانگی ئازاردا نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکان بە ڕێژەی ٥.٤٪ بەراورد بە مانگی شوبات بەرز بووەتەوە، لە مانگی شوباتدا تێکڕای هەڵاوسانی ساڵانە ٤٥.٤٤٪ بووە، لە کاتێکدا لە مانگی نیساندا ئەو ڕێژەیە بۆ سەروو ٦١٪ بەرز بووەتەوە.
هەروەها بەپێی داتاکانی پەیمانگا تورکییەکە، کەرتی پەیوەندییەکان لەو وڵاتە بەرزترین ئاستی تۆ مار کردووە بە ڕێژەی ٩٩.١٢٪، هەروەها نرخی کاڵا خۆراکییەکان بە ڕێژەی ٧٠.٣٣٪ بەرز بووەتەوە.
هەروەها ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە ٦١.٥٪.
ئەو قەیرانە ئابوورییەی ڕووی لە تورکیا کردووە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە دوو ساڵی ڕابردوودا، هەروەها هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی نەوت، گاز و دانەوێڵە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەو هەنگاوانەیە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لەبارەی سوودی سەر قەرزەوە گرتنییە بەر لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ئەوەش بەمەبەستی گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا بەبێ گوێدانە کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری گشتی، کە ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە بە هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسان لە تورکیا دایدەنێن.
لە ساڵی ڕابردوودا لیرەی تورکی ڕێژەی ٤٤٪ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لەدەستدا. لە مانگی کانوونی یەکەمدا نرخی لیرەی تورکی گەیشتە ١٨.٤١ بەرامبەر هەر دۆلارێک.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە