نەمانی ڕسووماتی ڤیزا کاریگەرییەکی بەرچاوی لە بواری گەشتیاری درووست کردووە

نەمانی ڕسووماتی ڤیزا کاریگەرییەکی بەرچاوی لە بواری گەشتیاری درووست کردووە

پەیامی کورد  ...   بە ھەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان هەر دوو ووڵاتی عێراق و ئێران ، ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری ئێرانی سەردانی کوردستان دەکەن، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێت، لە ماوەی ئەو ١٠ ڕۆژەی کە پارەی ڤیزا لە ھاووڵاتیانی ئێرانی وەرنەگیرا ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار داخیلی کوردستان بوون.

کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق، لە ھەوڵی لابردنی ڕسووماتی ڤیزەدان لە نێوان ھەردوو ووڵات، بڕیاریشە لە ١ی نیسانەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، وەک پاڵپشتییەکیش بۆ کەرتی گەشتوگوزار، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بڕیاری ھەڵگرتنی ڕسووماتی ڤیزەیان دا، ئەو بڕیارەش لە ١٥ی ٣ تاوەکو ٢٥ی ٣ بەردەوام بوو.

بۆ ئەم پرسە مەسعوود باتێلی، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی حاجی ئۆمەران  ڕایگەیاند: "بە نەمانی ئەم باجە بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ھەروەک لە ماوەی ئەو ١٠ ڕۆژەدا ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار داخیلی کوردستان بوون و، بەراورد بەو ڕۆژانەی کە لێیان وەرگیراوە زۆر زیادی کردبوو. دەشڵێ، بڕیار وایە لە نێوان ئێران و عێراقدا ڕسووماتی ڤیزە نەمێنێ، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە، بە جێبەجێکردنیشی ھەردوولا لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.

پێشتر عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، ئێران ئامادەیی نیشان داوە بۆ ھەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێراندا، ھەرکاتیش بڕیارەکە کەوتە باری جێبەجێکردنەوە، ھەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتنەکە دەبێت.

پێوەست بە نەمانی ئەو باجەش باتێلی دەڵێ، ھاووڵاتیانی ئێرانی زیاتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، چوونکە ئەو گەشتیارانە کە داخیلی کوردستان دەبن، بڕی ٢٥ ھەزار دیناریان لێ وەردەگیرێ، بە ھەمان شێوە لە سنووری خۆشیان زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار تمەنیان لێ وەردەگرن، بە ھۆی خراپیی ڕەوشی ھاووڵاتیانی ئێرانیشەوە، ئەمە دەبێتە بارگرانییەکی زۆر بۆ گەشتیاران.

بە پێی زانیارییەکان : "باجی ئێران ٢٧٠ ھەزار تمەنە و لە کوردستانیش ٢٥ ھەزار دینارە ، نرخی تمەنیش ڕۆژ دوای ڕۆژ دادەبەزێ، ئەوانە ھۆکارن کە خەڵکی ڕۆژهەڵات نەتوانن گەشتی باشوور بکەن."

هەروەها ھەڵگرتن و نەمانی ڤیزا لە نێوان ھەردوو ووڵاتدا کاریگەرییەکی باشی بۆ هەردوو لا هەیە و ھاووڵاتیان زیاتر سەردانی کوردستان دەکەن، چوونکە ئەو باجەی کە وەردەگیرێت ڕێژەکەی زۆرە و خەڵکی نیگەران کردووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە