پەیامی کورد... له ئەنجامه بەراییهكانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، کۆمارییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا
دوێنێ سێشەممە هەڵبژاردنەکانی نیوەوەرزی کۆنگرێس بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، یەک لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران و حاکمی 39 ویلایەت لە ئەمریکا بەڕێوەچون، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان پارتی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە و لە ئەنجومەنی پیرانیش لە رکابەرییەکی توندان.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس تائێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە پێکهاتوە لە 435 کورسی، پارتی کۆمارییەکان 197 کورسیان بەدەستهێناوە و دیموکراتەکانیش 172 کورسیان بەدەستهێناوە.
بۆ ئەنجومەنی پیرانیش کە پێکهاتوە لە 100 کورسی، دیموکراتەکان 48 کورسی و کۆمارییەکانیش 47 کورسیان بەدەستهێناوە، ئەنجامی پێنج کورسیش تائێستا ئاشکرا نەکراوە کە تیایدا هەردو پارتەکە رکابەرییەکی توندی یەکتر دەکەن.
لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێ سێشەممەدا پارتی دیموکراتەکان لە ژمارەیەک ویلایەت کە هەمیشە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا یەکلاییکەرەوەن، توانییان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، هەروەها نوێنەری دیموکراتەکان لە ویلایەتی پنسلڤانیایش بۆ ئەنجومەنی پیران سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
بۆ هەڵبژاردنی حاکمی ویلایەتەکانیش کۆمارییەکان پێش دیموکراتەکان کەوتون و لە کۆی 39 حاکم کە دوێنێ هەڵبژێردران، کۆمارییەکان 23 ویلایەتیان بردوەتەوە و دیموکراتەکانیش 14 ویلایەتیان بردوەتەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان کە لەم هەڵبژاردنەدا پارتەکەی روبەڕوی شکست بوەتەوە، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی بۆچونی هاوڵاتیان و هەوڵدان بۆ سەرکەوتنی پارتەکەی لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی لە کالیفۆرنیا وتی، "لەماوەی دو ساڵی رابردودا پێشکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێناوە بۆ بەهێزکردنی ئابوری وڵاتەکەمان، بۆیە چاومان لەوەیە ئەو پێشکەوتنە بەردەوامی پێبدرێت، لە پاڵ ئەوەشدا بەڵێنی دەدەین هەڵاوسانی ئابوری کەمبکەینەوە".
ئەوەشی خستەڕو، ئەمریکا پارێزگاری لە بەهێزی ئابوری خۆی دەکات، ئیدارەکەشی تەنها لە ماوەی مانگی رابردودا 261 هەزار هەلی کاری رەخساندوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە