بەپەلە ... تورکیا ... عەفرین بۆ عەفرینییەکان بە جێدەهێڵین

بەپەلە ... تورکیا ... عەفرین بۆ عەفرینییەکان بە جێدەهێڵین

حامی ئاکسۆی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە ژیان لە عەفرین ئاسایی بووەتەوە و سوپای تورکیا تاماوەیەکی دیکە لەو شوێنە دەمێنێتەوە، وتیشی “تیرۆرمان لەناوبرد و عەفرین بۆ عەفرینییەکان جێدەھێڵین”.

 

ناوبراو لە میانی پرۆگرامێکی پەیوەندیدار بە عەفرین کە تیایدا رۆژنامەنووسە بیانییەکان بۆ ئەو شوێنە داوەت کرابوون، بە شێوەیەکی راستەوخۆ لێدوانی پێشکەش بە کەناڵی تەرەتە خەبەری تورکیا کرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە ٣٢ نوێنەری ڕاگەیاندنی ١٦ ووڵاتی جیھانیان ھێناوەتە عەفرین و ئاشکراشی کرد کە ئەمڕۆ بەیانی لەگەڵ ٥٠ رۆژنامەنووس لە دەرگای سنووری ئۆنجوپنار کۆبووەتەوە.

حامی ئاکسۆی وتی: “ئەمڕۆ ئێوەش لێرەن و دەبینن. ژیان ئاسایی بووەتەوە. ئافرەتان لەگەڵ منداڵەکانیان بازاڕی دەکەن. لێرەدا عەفرینێکی رووخاومان نەدیت”.

ئاکسۆی وتیشی: “ھەروەکو دەزانن ماوەیەک پێش ئێستا عەفرینییەکان بۆخۆیان ئەنجوومەنێکیان پێکھێنا، کە کورد و تورکمان و عەرەبیشی تیادایە. ھەنگاو بە ھەنگاو پێکھاتەی ئاسایش و سەربازیی رادەستی ئەوان دەکرێتەوە. تورکیا تا ماوەیەکی دیکە لەو شوێنە دەمێنێتەوە”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، جەختیشی لەوە کردەوە کە زیاتر لە ١٤٠ ھەزار کەس گەڕاوەتە عەفرین و ئەمەش گەورەترین بەڵگەی ئاسایبوونەوەی ژیانە لەو شوێنە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە