کەشناسیی ھەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوھەوای ڕۆژانی جەژنی نەورۆزی ڕاگەیاند
فازڵ ئیراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی کەشوھەوای ڕۆژانی نەورۆز، ڕاگەیاند: "پێشبینی دەکرێت ڕەوشی کەشوھەوا لە ڕۆژانی نەورۆز، ڕەوشێکی سەقامگیر بێت بۆ سێ ڕۆژی نەورۆز، واتە 21 و 22 و 23ی مانگی ئادار، ئەگەری بارانبارین لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان نییە".
فازڵ ئیبراھیم وردەکاری زیاتر دەدات و گوتی: "یەکەم ڕۆژی نەورۆز، ھەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی لاوازی تورکیا دەبێت، ئەمەش وا دەکات ئاسمان لەنێوان نیمچە ھەور بۆ ساماڵ بێت و ئەگەری بارانبارین نییە، تەنیا پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق بگرێتەوە، بۆیە لەکاتی گۆڕانی ئاڕاستەی با، ئەگەر ھەیە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ھەرێمی کوردستان، کاریگەر بن بە تۆز و خۆڵێکی سووک وە هەروەها لە ڕۆژی دووەم و سێیەمی نەورۆز، کەشوھەوا بە سەقامگیری دەمێنێتەوە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش نیمچە ھەور دەبێت و ئەگەری بارانبارین و خۆڵبارین نییە، خێرایی با لەنێوان 5 بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت لە یەک کاتژمێردا، پلەی گەرماش لەنێوان 21 بۆ 25 پلەی سەدی دەبێ.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە