هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێ هەموارکردنی یاساکانی هەڵبژاردن بەڕێوە ناچێت

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێ هەموارکردنی یاساکانی هەڵبژاردن بەڕێوە ناچێت

پەیامی کورد ...  بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەرپرسێكی كۆمیسیۆنیش دەڵێ، تا سەرەتای مانگی دابێ یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ھەموار نەكرێتەوە، زەحمەتە ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت.

رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ده‌ڵێ: "ئێمە وەك كۆمیسیۆن دوای تاوتوێكردنی پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، بڕیارمان دا لە رۆژی ١٦/ ١١ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێمە ئەوەشمان نەشاردووەتەوە كە بەو مەرجە ھەڵبژاردن بەڕێوە دەبەین لەو كاتەدا، پێداویستییەكانی كۆمیسیۆن دابین بكرێن".

جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق،ڕایگەیاند: "یەكێك لەو پێویستیانە بودجەی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنە، كە حكوومەتی فیدڕاڵ دابینی كردووە و لە ڕووی ماددییەوە كێشەمان نەماوە".

رزگار حاجی ئاماژەی كرد: "كێشە و ئاستەنگی سەرەكی لە بەردەم پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقدا، ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنە كە سەر بە ساڵی ٢٠١٨ـیە، پێش چەند رۆژێكیش نوێنەری كۆمیسیۆن ئەوەی بە راشكاوی بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیاندووە كە پەلە بكرێت لە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق".

ئەو بەرپرسەی كۆمیسیۆن رەتی كردەوە بە بێ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكان، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و گوتیشی: "ئەگەر تا ١ی نیسانی داھاتوو پەرلەمانی عێراق یاسای ھەڵبژاردن ھەموار نەكاتەوە، كێشە دروست دەبێت و توانای بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنمان نابێت".

رزگار حاجی حەمە روونی كردەوە: "ھەموو ھەوڵێك دەدەین لەگەڵ حكوومەت و پەرلەمان بۆ ئەوەی لە كاتی خۆیدا یاساكە ھەموار بكرێتەوە و بتوانین كاروباری ھەڵبژاردن بكەین، چونكە ئەگەر كاتی پێویست لە بەردەم كۆمسیۆندا نەبێت، ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیاری دیكەی دەبێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە