پەیامی کورد... شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق لە هەولێرن
شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩-٦-٢٠٢٢ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ڕاگەیاند: «ئەندامانی شاندەکە بریتین لە فەریق ڕوکنی یەکەم عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق و فەریق ڕوکنی یەکەم عەبدولئەمیر شمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ چەندین سەرکردەی باڵای دیکەی سەربازی و ئەمنی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی فیدراڵیی عێراق؛ بڕیارە شاندەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببنەوە بۆ تاوتوێکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق».
بۆشایییەکی ئەمنیی زۆر لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەیە و ئەوەش بووەتە شوێنێک بۆ مانەوەی چەکدارانی داعش.
بەگوێرەی زانیارییەکان کە لە چەند سەرچاوەیەکی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستکەوتوون، لە ١-١-٢٠٢٢ەوە تاوەکوو ٣٠-٤-٢٠٢٢، چەکدارانی داعش لەو ناوچانەی دەکەونە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، ٥٤ هێرشیان ئەنجام داوە و بەو هۆیەوە ٣٦ کەس شەهیدبوون و ٤٥ی دیکە برینداربوون و پێنج کەسیش ڕفێندراون.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: «بە دڵنیایەوە شاندەکە هاوئاهەنگیی ئەمنی لەنێوان هەر دوو لادا تاوتوێ دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە».
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە