سەرچاوەیێک لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان: بڕیار دەرچووە بۆ پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون بە کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعش، بەڵام بەھۆی ئەوەی خزمەتگوزاریی ئەو یەکانە لە ئاو و کارەبا و رێگاوبان تەواو نەبووە، بۆیە پڕۆسەی دابەشکردنەکە دەستی پێ نەکردووە.
بەرەڤان حەمدی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان ئاشکرای کرد کە 10 ھەزار و 49 کەس فەرمانی پێشوویان ھەبوو بۆ وەرگرتنی زەوی، بەڵام زەوییان پێ نەدراوە، ئەوانە فەرمانەکانیان بۆ تازە کراوەتەوە، ھەروەھا 11 ھەزار و 140 کەسیش فەرمانی تازەیان بۆ دەرچووە بۆ پێدانی زەوی، ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانی وەزارەتی شارەوانی دەکەین بۆ دیاریکردنی زەوییەکان”.
ئاشکراشی کرد، ھەر کات نەخشەی زەوییەکان لە وەزارەتی شارەوانی تەواو بێت، ئەو زەوییانە دەدرێتە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە شوێنە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان روونی کردەوە، بۆ دابەشکردنی ئەو زەوییانە رێکاری دەرکردنی فەرمان لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە: «ئێمە چاوەڕوانی وەزارەتی شارەوانیین، تاوەکوو بەپێی شوێنی جوگرافی زەوی دیاری نەکرێت ئێمە ناتوانین دابەشیان بکەین، ئەوەی لەسەر ئێمەیە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و شارەوانییان بۆ وەربگرین، دوای ئەوە لە ھەر پارێزگا و قەزایەک زەوی ئامادە ھەبێت دابەش دەکرێت”.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی کاروباری شەھیدان زیاتر لە 70 ھەزار کەس وەکوو وارسی شەھید و ئەنفالکراو لای حکوومەت تۆمار کراون، بەشی زۆری ئەوانە بەتایبەت شەھیدانی سەنگەر و ئەنفالکراوەکان زەوییان لە لایەن حکوومەت پێ دراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە