سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا

سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و بەربژێری ئەو پارتە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی تورکیا لە هەڵبژاردنەکەی 24ی حوزەیرانی ئەم مانگەدا کە نزیکەی 2 ساڵە لە زینداندایە، لە هەنگاوێکی جیاوازدا، پاش ئەوەی لەلایەن حکومەتی ئاکەپە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەوە ڕێ لە هەوڵەکانی گیرا لە لە ڕێی تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامەکانەوە بانگەشە ئەنجام بدات، لە هەژمارە تایبەتییەکەی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

 

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە دوێنێ 8ی حوزەیران ئەنجام درا و چەندین پرسیار بە زمانەکانی تورکی و کوردی و ئینگلیزی ئاراستەی دەمیرتاش کران.

ئەمانەی خوارە هەندیک لەو پرسیارانەن کە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەرەوە وەڵامی دانەوە:

چۆن درێژە بە چارەسەر کردنی کێشەی کورد دەدەیت، بە شێوەیەکی هاوسەنگ و بەردەوام؟

دەمیرتاش: پشتیوانیی هێنانە کایەی دەستوورێکی نوی و ئازادتر دەکەین و هەوڵ دەدەین چەک بە تەواوی و بۆ هەتا هەتایە لە بابەتەکە بخرێتە دەرەوە.

هەڵوێستی دەمیرتاش چی دەبێت ئەگەر خۆی بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەمێنێتەوە و هەدەپەش بەربەستی ٪10ی پەرلەمانیی تێنەپەڕێنێت؟

دەمیرتاش: داوا لە دەنگدەرەکانمان دەکەین کە بچن بۆ دەنگدان و هەموو ڕێکارێکی دیموکراسی بگرنە بەر.

 

ئایا لە ئەگەری دەرنەچوونی دەمیرتاش بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەوان پشتیوانیی لە کام بەربژێری تری لایەنە بەرهەڵستکارەکان دەکەن؟

دەمیرتاش: ئەوە دەکەوێتەوە سەر نزیکیی تێڕوانینی هەر بەربژێرێک سەبارەت بە چارەسەر کردنی کێشەکانی وڵات و کۆمەڵگا لە بنەماکانی ئێمەوە، ئێمە بەپێی ئەوە بڕیار دەدەین.

 

ڕۆژنامەنووسێکی بیانییش بە زمانی ئینگلیزی پرسیویەتی: بڕوات وایە کە هەڵبژاردنەکان پاک و دادپەروەرانە و ئازاد ئەنجام دەدرێن؟

دەمیرتاش بە زمانی ئینگلیزی وەڵامی داوەتەوە: بەوەدا کە من لە زیندانەوە وەڵامی پرسیارەکەت دەدەمەوە، دیارە کە هەڵبژاردنەکان دادپەروەرانە ئەنجام نادرێن. بە دڵنیاییەوە هەمووان ڕێز لە ئەنجامەکان دەگرن، بەڵام ئەگەر هەر کار و هەنگاوێکی نایاسایی تێبینی بکرێت، ئەوا ڕێکارە یاساییەکان دەگیرێنە بەر.

 

ئەم بێدەنگییەی مێرکڵ ی سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا لەم کاتەدا و پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟

دەمیرتاش: مێرکڵ زۆریش بێدەنگ نییە، بیستوومە کە وتویەتی چاوەڕوانی ئێردۆغان دەکات کە لە پاش هەڵبژاردنەکەی 24ی مانگ بچێت بۆ ئەڵمانیا، بەڵام سوپریزێک بۆ ئەو دەکەین و لەجێی ئێردۆغان من وەک سەرۆک کۆمار دەچمە لای.

 

ئەو پرسیارانەی کە لە دەمیرتاش کران، تەنها پرسیاری سیاسیی نەبوون، بەڵکو لە پرسیارێکی کەسیی دا لێیان پرسی کە لەوەتەی تشرینی دووەم ی 2016ەوە کە لە زینداندایە، زۆر بیری چی دەکات؟

دەمیرتاش: باوکەکان زیاتر بیری کچەکانیان دەکەن و کچەکانیش زۆر بیری باوکیان دەکەن.

 

هاوژینەکەی دەمیرتاشیش لەناو ئەو کەسانەدا بوون کە پرسیاریان ئاراستەی کردبوو، باساک دەمیرتاشی هاوژینی سەڵاحەدین دەمیرتاش، وێنەیەکی دەمیرتاشی داناوە کە هی سەردەمی خوێندکاربوونی زانکۆیە و سەرقاڵی جل ئوتو کردنە، لەتەک وێنەکەدا نووسیویەتی: لە کاتی سەردەمی زانکۆوە ئوتو دەکەیت، پاش هاوسەرگیرییش بەردەوام بوویت، ئەگەر بووشی بە سەرۆک کۆمار، بەردەوام دەبیت لە بازاڕیی کردن و ئامادەکردنی قاوڵتی بۆ منداڵەکان و ئوتو کردن؟

دەمیرتاش: من هەمان ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە نەگۆڕان داومە بە هەمووان بۆ پاش دەرچوونم لە هەڵبژاردنەکاندا، بە هاوژینە خۆشەویستەکەشم دەدەم. ئوتوکردن، پاککردنەوە، خواردن ئامادە کردن و هەموو ئەرکەکانی تر پێکەوە ئەنجام دەدەین.

 

سەرچاوە: دی دەبلیو

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە