كارمەندانی تویتەر دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ پێشكەش دەكەن

كارمەندانی تویتەر دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ پێشكەش دەكەن

پەیامی کورد... كارمەندانی تویتەر دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ پێشكەش دەكەن


ئیلۆن مەسك خاوەنی نوێی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر،لە رێی پۆستێكی ئەلیكترۆنییەوە داوای ئەوەی لەكارمەندانی تویتەر كرد كە ئامادەبن بۆزیادكردنی كاتژمێرەكانی كاركردن یان دەستلەكار بكێشنەوە، لە دوای ئەم داوایەش ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندان دەستیان لەكاركێشایەوە.

ماڵپەڕی "The Verge" هەواڵی ئەوەی بڵاوكردووەتەوە كە دوای ئەوەی مەسك لە رێگەی "Slack" كە پڕۆگرامێكی ناوخۆیی تایبەت بە پەیوەندییكردنی كارمەندانی كۆمپانیای تویتەرە، داوای زیادكردنی كاتژمێرەكانی كاركردنی كردووە، ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندان دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان راگەیاندووە.

یەكێك لە كارمەندانی كۆمپانیاكە لەو بارەیەوە بابەتێكی بڵاوكردووە و نووسیووییەتی: "لە دوای ١٢ ساڵ كار كردن تویتەرم بەجێهێشت".

كارمەندێكی دیكەی كۆمپانیاكەش وەك ئاماژەیەك بۆ دەستلەكاركێشانەوەی لە دوای ئەوەی مەسك بووەتە خاوەنی كۆمپانیاكە، نووسیووییەتی: "كاركردنم لەگەڵ تویتەر یەك كۆتاییهات و نامەوێت لەگەڵ تویتەر دوو كار بكەم".

بەكارهێنەرێكی تویتەریش نووسیوویەتی: "وا دیارە ئەوانەی كە دەیانەویست تویتەر بكەنە تۆڕێكی باشتر، هەموو دەستلەكار دەكێشنەوە. ئەو كارمەندانەی ماونەتەوە هەرچەند زیاتر كار بكەن، زۆر سەختە بتوانن تویتەر رزگار بكەن".

لە لایەكی دیكەشەوە بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، ئیلۆن مەسك لەگەڵ بەشێك لە كارمەندانی تویتەر كۆبووەتەوە و هەوڵیداوە رێگریی بكات لە دەستلەكاركێشانەوەی "ئەو كارمەندانەی رۆڵی گرنگیان لە كۆمپانیاكەدا هەیە".

- نووسینگەكان داخران

هەر بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، بەهۆی ئەو لێشاوی دەستلەكاركێشانەوەیەی كارمەندانی تویتەر دەستیان پێكردووە بە شێوەیەكی كاتی نووسینگەكانی تویتەر داخراون و بڕیارە لە ٢١ی حوزەیراندا دووبارە نووسینگەكان بكرێنەوە.

ئەم كاردانەوەیەی كارمەندانی تویتەر دوای ئەوە هات كە ئیلۆن مەسك نزیكەی نیوەی كارمەندانی كۆمپانیاكەی لەكار لابردبوو و داوای لەو كارمەندانەش كردبوو كە ماونەتەوە، چەند كاتژمێرێك زیاتر كار بكەن یان لە ماوەی ٣٦ كاتژمێردا دەست لەكار بكێشنەوە.

ئیلۆن مەسك رۆژی چوارشەممە ئەم داوایەی لە كارمەدانی تویتەر كرد كە ژمارەیان دوو هەزار و ٩٠٠ كارمەند بوو.

لە كاتێكدا دوو هەفتە بەر لە ئێستا، ژمارەی كارمەندانی تویتەر، حەوت هەزار و ٥٠٠ كارمەند بوو، بەڵام نزیكەی نیوەیان لەلایەن مەسكەوە لەكار لابران، بڕیاریشە هەر یەكێك لەو كارمەندانە لانی كەم مووچەی سێ مانگیان وەك قەرەبوو، پێبدرێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە