پەیامی کورد .... بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەینێت، هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوە بوو كە هیچی دیكە قوتابیانی كورد لە زانكۆ ئاست نزمەكانی لوبنان و قوبرس و توركیا و ئێران و سوودان نەخوێنن، بۆیە هەموو كارئاسانییەك بۆ ئەو خوازیارانە كراوە، كە دەیانەوێت خوێندنی باڵا لە كوردستان بخوێنن.
دكتۆر نەجدەت ئاكرەیی بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند: "بە مەبەستی كارئاسانی بۆ قوتابیان و فێرخوازانی كوردستان، زۆربەی ئەو مەرجانەی كە رێگر بوون لە درێژەدان بە خوێندنی باڵا، رێك خرانەوە، لەوانەش كۆنمرە و تەمەن و توانستی زمانی ئینگلیزی، كە پێشبینی دەكەین هەفتەی داهاتوو مەرجەكان لە ڕاستییەکانی كوردستان بڵاو ببنەوە".
ئاكرەیی ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەو كەسانەی كە كۆنمرەیان خوار ٦٠ـە، وەزارەت كۆمەڵێك ئاسانكاری كردووە بۆ ئەوەی قوتابیان نەچنە دەرەوە، لەوانەش خوێندنی دیپلۆمی باڵا بۆ ماوەی یەك ساڵ و دواتر نمرەی بەكالۆریۆس و دیپلۆمی باڵا كۆدەكرێتەوە، ئەگەر ٦٠ دەرچوو ئەوە دەتوانێت درێژە بە خوێندنی ماستەریش بدات لە هەمان بواردا".
ناوبراو لە بارەی تەمەنیشەوە ڕایگەیاند: "بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر، بریار دراوە كە تەمەنی خوێندنی ماستەر لە ٤٥ ساڵەوە بەرز بكرێتەوە بۆ ٥٠ ساڵ و قوتابیی دكتۆراش لە ٥٠ ساڵەوە بەرز بكرێتەوە بۆ ٥٥ ساڵ".
سەبارەت بە توانستی زمانی ئینگلیزیش گوتی، كارئاسانی زۆر بۆ قوتابیان دەكرێت، لەوانەش سەنتەرەكانی زمانی باوەڕپێكراو چارەی ئەم بابەتە دەكەن و چیتر وەك پێشتر نابێت كە نەدەبوو لە پێنج كەمترت هەبێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە