پەیامی کورد... ئەڵمانیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکراینا دابین دەکات
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، "لەبارەی ئامانجەکانی جەنگەوە مشتومڕ دەکرێت، ئامانجی ئێمە ئەوەیە پووتین سەرکەوتوو نەبێت و ئۆکراینا خۆی بەرگری لە خۆی بکات و سەربکەوێت".
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز لەمیانی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا لەبارەی بودجەوە، ڕایگەیاند وڵاتەکەی بە تەواوی تواناکانییەوە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا و گوتی: "نابێت سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین بە ئامانجەکانی بگات".
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هاوشێوەی هاوکاری دارایی و ئابووری بە چەکیش پشتیوانی ئۆکراینای کردووە و بڕیاریشیان داوە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی جۆری Iris-T کە پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگریی ئاسمانییە بۆ ئۆکراینا دابین بکەن و گوتی: "بەم جۆرە دەتوانرێت شارێکی گەورەی ئۆکراینا لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بپارێزرێت".
ناوبراو تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە جگە لەمەش، سیستەمی ڕاداری مۆدێرن دەدەن بە ئۆکراینا و لەگەڵ هۆڵەندادا پێشکەوتووترین تۆپهاوێژەکان بۆ ئۆکراینا دابین دەکەن.
ئۆلاف شۆڵتز جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پووتین لەو جەنگەدا سەرکەوتوو نەبێت و گوتی: "لەبارەی ئامانجەکانی جەنگەوە مشتومڕ دەکرێت. ئامانجی ئێمە ئەوەیە پووتین سەرکەوتوو نەبێت و ئۆکراینا خۆی بەرگری لە خۆی بکات و سەربکەوێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە