کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە جیهاندا ١٠٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاند

کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە جیهاندا ١٠٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاند

پەیامی کورد... کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە جیهاندا ١٠٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاند

کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ئاماریدا دەڵێت، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە جیهاندا ١٠٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، زۆرترین ئاوارە و پەنابەریش خەڵکی سووریان، کە لە ٢٠٢١دا ژمارەیان ٦.٨ ملیۆن کەس بووە و تورکیاش بە پێشوازیکردن لە ٣.٨ ملیۆن پەنابەر، زۆرترین پەنابەری لەخۆگرتووە.

بەپێی ئامارە نوێیەکانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٢٠٢١دا ژمارەی ئاوارە و پەنابەران کە بەهۆی جەنگەوە لە ماڵەکانیان دەربەدەربوون، ٨٩.٣ ملیۆن کەس بوو، کە ٨٪ی لە ساڵی پێش خۆی زیاتر و هەروەها دوو هێندەی ١٠ ساڵی ڕابردوو بوو، کەچی تاوەکوو ئایاری ئەمساڵ ژمارەکە ١٠٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، شەڕی ئۆکراینا و دەربەدەربوونی خەڵکی ئەمریکای لاتین و ئەفغانستان ژمارەکەیان خێرا زیاد کردووە.

فلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: «زیاتر لە هەر ساڵێک لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زیادیکردووە.» دەشڵێت: «دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبخەنە نێو دەستی یەکدی و بە کردار ئەم تراژیدیایە چارەسەربکەن و چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ جەنگەکان بدۆزنەوە، یان ئەوەتا ئەو ژمارانە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبن.»

ساڵی ڕابردوو ساڵێکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزی و شەڕ و پێکدادان بوو، کە ٢٣ وڵاتی جیهانی گرتەوە و کاریگەری لە ٨٥٠ ملیۆن کەس دروستکرد.

هاوکات هەریەک لە قەیرانی خۆراک، هەڵاوسان و قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا ئاستەنگییەکانی زیاتر کردووە، کاریگەریی زیاتری بەسەر ئەو هاوکارییە داراییە هەبووە، کە بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان کۆ دەکرێتەوە.

لە ٢٠٢١دا ژمارەی پەنابەران ٢٧.١ ملیۆن کەس بوو، ژمارەی پەناخوازانیش گەیشتە ٤.٦ ملیۆن کەس کە بە ڕێژەی ١١٪ زیادی کردووە.

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوە ١٥ ساڵە لەسەر خەڵک بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوخۆی وڵاتەکانیان، دەربەدەردەبن، ئەو کودەتایەی کە لە میانمار ڕوویدا و ئەو شەڕەی ئەسیوپیای گرتەوە، دوو نموونەی هۆکاری ئاوارەبوونی خەڵکن، شەڕی چەکداریش لە ساحلی ئەفریقا بەتایبەتی لە بورکینیافاسۆ و چاد هۆکارێکی ئاوارەکردنی خەڵکی بوو.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات ژمارەی ئەو خەڵکەی ئاوارە دەبن، هێشتا زیاترە لەو چارەسەرەی بۆ ئاوارە و دەربەدەربوون بەردەستە کە گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و دووبارە نیشتەجێبوونەوە و تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەکان دەگرێتەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران دەڵێت، ژمارەی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ساڵی ٢٠٢١دا گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان زیادی کردووە، ئاستەکە گەڕاوەتەوە دۆخی پێش کۆرۆنا و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەران بۆ سەر زێدی خۆیان ٧١٪ زیادی کردووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە