ڕێبەری ئێران علی خامنەئی : تاران هەموو ئەو هەڕەشە هەرێمییانەی سەر کۆماری ئیسلامی شکست پێهێناوە لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان تاران و واشینتۆن لە زیادبووندایە بەهۆی دەسەڵاتەکانی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
لە نامەیەکدا بە بۆنەی ساڵی نوێی ئێرانەوە خامنەئی بەدیاریکراوی هەڕەشەکانی باس نەکرد. بەڵام وادیاربوو بەشێوەیەکی سەرەکی ئاماژەی بە ڕێکخراوی داعش دەدات کە هێزەکانی ئێران لە سووریا و عێراق و ناو ئێراندا بەرپەرچیان داونەتەوە.
هەروەها ئێران ڕکابەرییەکی دیکە دەکات لە پێناو دەسەڵاتدا لە ناوچەکەدا لەگەڵ سعودیە. ئەم ناکۆکیی و ڕکابەرایەتیەش بووە هۆی جەنگ لە یەمەن و لەوێشەوە بۆ لوبنان.
هەروەها وتی " کۆماری ئیسلامی ساڵی ڕابردوو شکستی بە هەڕەشە هەرێمییەکان هێنا. کە ئامانج لەو هەڕەشانە زیان گەیاندن بوو بە کۆماری ئیسلامی. ئەو هەڕەشانە زیانیان نەگەیاند بە وڵاتەکە بەڵکو بوون بە هەلێک."
جێی ئاماژەیە لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا ئێران کۆتایی ڕێکخراوی داعشی ڕاگەیاند و یادی هەزاران سەربازیی ئێرانی بەرز ڕاگرت دوای ئەوەی لە شەڕیاندا دژی داعش لە عێراق و سوریادا کوژراون.
هەروەها ئێران پشتیوانییەکی سەربازیی چالاکی پێشکەشی سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد کردووە و یارمەتی هێزەکانی حکومەتی سووریای داوە خاکێکی زۆری سوریا لەژێر دەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و توندڕەوان دەربکاتەوە.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵی نوێوە وتی " سەربازە سادەکانمان و سیاسەتمەدارەکانمان لە تەنیشت گەلانی عێراق و سووریادا وەستان بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و زیادکردنی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەدا."
خامنەئی شکستپێهێنانی داعشی بە لێدانێک بۆ ئیسڕائیل و ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ناودێر کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کە پێی وایە ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵێنیداوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئیسڕائیلدا کار بکات تاوەکو ڕێگە لە هەوڵەکانی ئێران بگرێت بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکەدا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە