ئەمریکا: دۆخی ئێستای رووسیا تاقیکردنەوەیە بۆ پوتین و دەبێت وەڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە

ئەمریکا: دۆخی ئێستای رووسیا تاقیکردنەوەیە بۆ پوتین و دەبێت وەڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە

پەیامی کورد... ئەمریکا: دۆخی ئێستای رووسیا تاقیکردنەوەیە بۆ پوتین و دەبێت وەڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی یاخیبوونی گروپی سەربازی ڤاکنەر رایگەیاند، "ئەم رەوشە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ دەسەڵاتی پوتین و نیشانەی پرسیاری قوڵ و لێکترازانی راستەقینە دروست دەکات. نازانین چی روودەدات یان رەوشەکە بە چی دەگات بەڵام پرسیاری زۆر هەن کە دەبێت پوتین لە قۆناغی ئایندەدا وەڵامیان بداتەوە".

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "CBS News" باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی رووسیا کرد و ئەوەی خستەڕوو کە تا ئێستا لەو وڵاتە "هەڵمەتی کۆتایی" نەبینراوە و دۆخەکەشی وەک "چیرۆکێک" وەسف کرد کە لە بەردەوامبووندایە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، وڵاتەکەی لە نزیکەوە و زۆر بە وریایی چاودێری رەوشەکە دەکات.

ئەنتۆنی بلینکن، ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا نازانرێت ڤاگنەر دەیەوێت چی بکات و روون نەبووەتەوە کە گەیشتوونەتە چۆن رێککەوتنێک. باسی لەوەشکرد، سەختە بزانرێت بەرەوپێشچوونەکان چۆن کاریگەری دەکاتە سەر ئۆپەراسیۆنەکانی گروپی ڤاگنەر لە دەرەوەی رووسیا.

بلینکن ئەوەشی خستەڕوو، روسیا کاتێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کیێڤی داوە ناچاربووە مۆسکۆ بپارێزێت و "ئەم رەوشە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ دەسەڵاتی پوتین و نیشانەی پرسیاری قوڵ و لێکترازانی راستەقینە دروست دەکات. نازانین چی روودەدات یان رەوشەکە بە چی دەگات بەڵام پرسیاری زۆر هەن کە دەبێت پوتین لە قۆناغی ئایندەدا وەڵامیان بداتەوە".

راشیگەیاند، بەرەوپێشچوونەکان "بابەتی ناوخۆیی" رووسیان، بەڵام ئەمریکا هەموو کاتێک ئامادەیی بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک کردووە.

بلینکن ئەوەشی دوپاتکردەوە کە ئۆکرانیا وەک خاڵی سەرنجی ئەمریکا دەمێنێتەوە و رایگەیاند، "ئێمە سەرنج دەخەینە سەر دابینکردنی پێداویستییەکانی ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی رووسیا و دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو خاکانەی کە رووسیا داگیری کردوون. لەم بابەتەشدا لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەماهەنگیداین."

دوای ئەوەی سەرۆکی هێزی چەکداری ڤاگنەر رووسیای تۆمەتبار کرد بە بۆردومانکردنی‌ هێزەکانیان لەناو خاکی‌ ئۆکرانیا، سەرلەبەیانی‌ 24ی ئەم مانگە، یاخی‌ بوونی‌ خۆیان راگەیاند.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر تۆمارێکی ڤیدیۆیی سەرۆکی ڤاگنەر بڵاوبووەوە کە تیایدا بە فەرمی هەڵگەڕانەوەی لە رووسیا و شەڕی دژی روسیا راگەیاند، جەختیکردەوە لەوەی ژمارەی هێزەکەی 25 هەزار چەکدارە و لە پێناو ئازادی گەلی رووسیادا شەڕ دەکەن و ئامادەن بۆ ئەوەی بمرن.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە