پەیامی کورد... ئەمریكا سەری سوڕماوە، بایی ملیۆنان دۆلار ئیندۆمی هاوردەی عێراق كراوە
پارێزگاری بەنكی ناوەندی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەنكی فیدڕاڵی ئەمریكا سەری سوڕماوە لەوەی بە ملیۆنەها دۆلار بە ناوی هاوردەكردنی ئیندۆمی بردراوەتە دەرەوەی عێراق و لێكۆڵینەوە دەكەن بەڕاست عێراق ئەوەندە حەزیان لە ئیندۆمیە ؟ ئاماژە بەوەشدەكات، هیچ هاوسەنگییەك لە بازاڕەكانی عێراقیدا نییە، بۆیە دۆلار لە بازاڕی ڕەشەوە مامەڵەی نافەرمی پێوە دەكرێت.
(عەلی عەللاق) پارێزگاری بەنكی ناوەندی عێراق لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ بەشێك لە میدیاكانی عێراق ڕایگەیاند، بەنكی فیدڕاڵی ئەمریكا سەری سوڕماوە لەوەی بە ملیۆنەها دۆلار بە ناوی هاوردەكردنی ئیندۆمی بردراوەتە دەرەوەی عێراق.
لەدیدارەكەدا، (عەلی عەللاق) ئاماژەی بەوەداوە، كە لێژنە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی هاوردەكردنی ئیندۆمی لەلایەن عێراقەوە پرسیاریان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی عێراق كردووە پێیان وتون، هەر بەڕاستی عێراقییەكان حەز لە ئیندۆمی دەكەن؟
ئەوەیشی خستۆتەڕوو، كە ئێستا جیهان سەری سوڕماوەو تووشی شۆك بووە لەوەی كە نەوەی ئێستای عێراق، بەو شێوەیە حەز بە خواردنی ئیندۆمی دەكەن دەشڵێت، لێژنە نێودەوڵەتییەكان پرسیارم لێ دەكەن كە ئەم بابەتە ڕاستە یان نا، ئەوە یەكێكە لەو هاوردەكراوە سەمەرانەی كە بەنكی فیدڕاڵی ئەمریكا لێكۆڵینەوەی تیایدا كردووەو دەركەوتووە كە ملیۆنەها دۆلار بە ناوی هاوردەكردنی ئیندۆمییەوە، لە عێراق بردراوەتە دەرەوە.
پارێزگاری بەنكی ناوەندی عێراق باسی لەوەیشكرد، كە لە ئێستادا یەدەگی عێراق لە بابەتی زێڕ زیادی كردووەو گەیشتۆتە، (132) تۆن، لە مانگی ئابی (2022)دا، جێگری پارێزگاری بەنكی ناوەندی عێراق، (عەمار خەڵەف) رایگەیاندبوو، كە یەدەگی عێراق گەیشتۆتە، (131) تۆن.
پارێزگاری بەنكی ناوەندی عێراق دەڵێت، هیچ هاوسەنگییەك لە بازاڕی عێراقیدا نییە، بۆیە دۆلار لە بازاڕی رەشەوە بە نافەرمی دێت، لە ماوەكانی ڕابردوودا، بەنكی ناوەندی عێراق چەندین ڕێوشوێنی بە ئامانجی جێگیركردنی بەهای دینار بەرامبەربە دۆلار گرتەبەر، بەڵام هێشتا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار روو لە دابەزینە.
پێشتر بەنكی ناوەندی عێراق فرۆشتنی یەك دۆلاری ئەمریكی بە هەزارو (320) دینار بۆ بەنك و دامەزراوە داراییەكان دیاری كرد، بەڵام هێشتا بەهای (100) دۆلار بەرامبەر بە (153) هەزار دیناری عێراق مامەڵەی پێوە دەكرێت.
شارەزایان و چاودێرانی بواری ئابووری پێیان وایە، كە یەكێك لە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، بە قاچاخبردنی دۆلارە بۆ دەرەوە.
عێراق ماوەی دوو دەیەیە بەدەست ناجێگیربوونی نرخی دراوی بیانی دەناڵێت، بەڵام لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، بەهای دراوی بیانی لە عێراق زیاتر رووی لە ناجێگیربوون كردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە