پەیامی کورد... ئەمریکا سیستەمی مووشەکی پێشکەوتوو ڕادەستی ئۆکراینا دەکات
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە، کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە سیستەمی مووشەکی پێشکەوتووتر و تەقەمەنی زیاتر بدات بە ئۆکراینا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکادا بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا لە شەڕەکەیدا دژی ڕووسیا.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا نووسیویەتی، "ئەمریکا بە چەک و تەقەمەنی یارمەتی ئۆکراینای داوە تا پێگەی ئەو وڵاتە لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا بەهێز بکات و لە کۆتاییشدا پێگەی کیێڤ لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا لەگەڵ ڕووسیا بەهێز بکات".
بایدن وتویەتی: "دوژمنکارییەکی بێ هۆکار، بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەکانی منداڵبوون و ناوەندە کولتوورییەکان و ئاوارەکردنی ملیۆنان خەڵک جەنگەکەی ناو ئۆکراینا دەکاتە پرسێکی ئەخلاقی گەورە".
بڕیاری ڕەوانەکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئۆکراینا دوای دوودڵی بەشێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بایدن دێت لەسەر ئەو بابەتە، ڕۆژی دووشەممە بایدن وتی ئەمریکا مووشەکێک نادات بە ئۆکراینا کە بتوانێت بگاتە ناو خاکی ڕووسیا.
دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە ئەم کۆمەڵە چەکە نوێیەی کە دەنێردرێن ڕۆژی چوارشەممە تاوتوێی وردەکارییەکانیان دەکرێت، مووشەکی مەودا ناوەندیشیان تێدا دەبێت کە دەتوانێت نزیکەی ٧٠ کیلۆمەتر بڕوات. بەرپرسەکان وتیشیان ئۆکراینا دڵنیایی داوە لەسەر ئەوەی هێزەکانیان مووشەک ئاراستەی خاکی ڕووسیا ناکەن.
بایدن نوسیویەتی کە هەوڵی ئەوە نادات بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ڕووسیادا.
جۆو بایدن ئاماژەی بەوەشداوە: "هێندەی ئەوەی کە هاوڕا نیم لەگەڵ پوتیندا و پێم وایە خراپکاری دەکات، ئەمریکا هەوڵی ئەوە نادات ئەو لە مۆسکۆ دووربخاتەوە، تا ئەو کاتەی ئەمریکا یاخود هاوپەیمانەکانمان هێرشیان نەکرێتەسەر، ئێمە ڕاستەوخۆ ناچینە ئەم ململانێیەوە، نە لەڕێی ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی ئەمریکاوە بۆ ئۆکراینا و نە لەڕێی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ڕووسیاشەوە، ئێمە هانی ئۆکراینا نادەین هێرش بکاتە سەر ئەودیوی سنوورەکانی".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە