؛پەیامی کورد... ئەمریکا سزا بەسەر 11 بەرپرسی ئێرانیدا دەسەپێنێت
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەهۆی بەرپرسیاربوونیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەمریکا بڕیاریدا سزا بەسەر 11 بەرپرسی ئێرانیدا بسەپێنێت.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ سێ شەممە ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: ''ئەمریکا سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە لە ئێران بەردەوامە ،پێداگرین لەسەر پشتیوانیکردنی گەلی ئێران کە روبەڕوی رژێمی ئێران بووەتەوە و پشتیوانی لە داخوازییەکانی دەکەین بۆ رێزگرتن لە ئازادییە بنەڕەتییەکان".
هاوكات لە راگەیەندراوەکەدا ریزبەندیی هۆکاری سزاکان خراوەتە ڕو و هاتووە: ''ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوە سنوردارکردنی ڤیزە لەسەر 11 بەرپرسی ئێران دادەنێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی بەرپرسن یان رۆڵیان هەیە لە کوشتن، دەستبەسەرکردن و لێدانی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و رێگریکردن لە گردبونەوەی ئاشتیخوازانە و بەرگرتن لە ئەوەی خەڵک ئازادانە رای خۆی دەرببڕێت''.
جێی باسە لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چەندین جار سزایان بەسەر دامەزراوە و کەسایەتیی ئێرانیدا سەپاندووە بە تۆمەتی ئەوەی دەستیان هەبووە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە