پەیامی کورد... ئەمریکا سزاکانی سەر وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و وەزیرەکەی زیاتر دەکات
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەرامبەر هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیان بۆ سەر ئەلبانیا، سزا بەسەر وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و وەزیرەکەیدا دەسەپێنێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، "وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران چەندین تۆڕی هێرشبردنی سایبەری بەڕێوە دەبات، ئەو تۆڕانە لە پشت هێرشە سایبەرییەکەی سەر ئەلبانیا بوون و هێرشی ئەلیکترۆنیی دیکەشیان لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەنجام داوە، ئەو تۆڕانە تێوەگلاون لە دۆسیەی هێرشکردن و سیخوڕیکردنی ئەلیکترۆنی بۆ سەر تۆڕەکانی کۆمپیوتەر لە جیهاندا، لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ حکومەتی ئێران".
بەپێی بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سەرجەم سامانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران و وەزیرەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا سڕ دەکرێت و هەر دامەزراوەیەکیش لە سەددا 50 یان زیاتری لەلایەن سزادراوەکانەوە خاوەندارێتی بکرێت، لەلایەن ئەمریکاوە قەدەغە دەکرێت.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی سزاکەی ئەمریکای بۆ سەر وەزارەتی ئیتلاعاتی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، "لەسەر بنەمای تۆمەتی پووچ بنیات نراوە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە