پەیامی کورد... کۆمسیۆنی راگەیاندنی عێراق داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پاڵپشتی لە دۆزی فەڵەستین بکەن
کۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە بەیاننامەیەکدا داوای لە سەرجەم دەزاگانی راگەیاندن کرد پاڵپشتی لە دۆزی فەڵەستین بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئۆکتۆبەر، کۆمسیۆنی راگەیاندنی عێراق جەختی لە پاڵپشتی عێراق بۆ دۆزی فەڵستین کردەوە و رایگەیاند، "لە روانگەی ئەرکی نیشتمانییەوە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین، پاڵپشتی لە دۆزی فەڵەستین بکەن".
کۆمسیۆنی راگەیاندنی عێراق لە بەیاننامەکەیدا داواش دەکات، سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن لە عێراق، "لە رووماڵی هەواڵەکاندا تیشک بخەنە سەر ئازارەکانی گەلی فەڵەستین".
دوێنێ باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد.
جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، هەمان رۆژ ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونە نێو سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان کرد.
تا ئێستا زیاتر لە 400 ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات دەیان کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
لە بەرانەبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین راگەیاند و داوای لە دانیشتوانی غەززە کرد ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تا ئێستا زیاد لە 350 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 2000 کەسیش بریندار بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە