دەزگای لووتکە: دیاردەی کۆچبەری له‌ناوچەکەدا بە رێژەیەکی مەترسیدار بەردەوامە

دەزگای لووتکە: دیاردەی کۆچبەری له‌ناوچەکەدا بە رێژەیەکی مەترسیدار بەردەوامە

پەیامی کورد … دەزگای لووتکە: دیاردەی کۆچبەری له‌ناوچەکەدا بە رێژەیەکی مەترسیدار بەردەوامە

 

له‌ رۆژی جیهانی پەنابەران، دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئامارێكی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ئەمساڵ 26 هەزار و 972 کەسی عێراقی روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و  داوای مافی پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە.

 

  له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، "بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە گەشتە ئاسمانی و زەوینییەکان لە ساڵی 2020ـدا راگیران، رێژەی پەنابەری و کۆچبەری لە چاو ساڵانی رابردوودا زۆر دابەزی، بەڵام ئەمساڵ بەپێی ئەو ئامارەی بە دەستی ئێمە گەیشتووە 26 هەزار و 972 کەسی عێراقی روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و داوای مافی پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە."

به‌وته‌ی سەرۆکی دەزگای لووتکە، ئەو ژمارەیە ئەو هاووڵاتییانەی تێدا نییە کە بە فەرمی گەشتیان کردووە و نەگەڕاونەتەوە، یان ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوارووی 18 ساڵەوەیە، چونکە لە ئامارەکاندا تۆمار ناکرێن. 

 

ئاری جەلال وتیشی: "دیاردەی کۆچبەری و پەنابەری لە ناوچەکەدا بە رێژەیەکی بەرچاو و مەترسیدار بەردەوامە، ئەوەیش بەهۆی بارودۆخی ناسەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە ساڵانێکە بەرۆکی ئەم ناوچەیەی گرتووە".

 

هاوكات به‌پێی ئامارەکانی دەزگای لووتکە، لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 429 کەسی عێراقی لە رێگەی کۆچدا مردوون، 256 کەسیان تەرمیان بەردەست بووە، 173 کەسیان تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە، كه‌ نزیکەی 70٪یان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

 

 ئاری جەلال ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "لە ساڵی 2015دا بەرزترین ژمارەی کۆچ لە عێراقدا تۆمار کرا، کە 186 هەزار و 462 کەس بوون کە ئەوانەن تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە. ئەگەر ژمارەی کۆچبەرانی عێراقی لەم پێنج ساڵەی رابردوودا تۆمار بکرێت، ئەوا زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس دەبن".

 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، تاوەکو ئێستا تەرمی 256 کەس لەلایەن دەزگای لووتکەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق هەر لە زاخۆوە تا بەسرە. 173 کەسیش دۆسیەکانیان بە کراوەیی ماونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.

 

 رۆژی 20ی حوزەیرانی 2021، رۆژی جیهانی پەنابەران بوو، كه‌ 70 ساڵ بەسەر راگەیاندنی جاڕنامەی کۆربەندی جیهانی جنێف بۆ مافی پەنابەران تێپەری.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە