یۆنامی: پێویستە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر هەولێر سزا بدرێن

یۆنامی: پێویستە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر هەولێر سزا بدرێن

 


پەیامی کورد... یۆنامی: پێویستە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر هەولێر سزا بدرێن

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) ڕایگەیاند ئەگەر تاوانبارانی هێرشەکەی سەر شاری هەولێر ناسراون، پێویستە دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن، دەشڵێت:»عێراق پێویستی بە فەرمانڕەوای چەکدار نییە».

٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، یۆنامی ڕاگەیێندراوێکی لە بارەی هێرشەکەی شەوی ٨ی حوزەیرانی سەر شاری هەولێر بڵاو کردەوە، کە لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە بوو، بە هۆییەوە سێ کەس بریندار بوون و زیانیش بە چەند ئۆتۆمبێلێک گەیشت.

یۆنامی ئاماژەی بەوە داوە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ڕێگەی هەولێر- پیرمامی کردووەتە ئامانج و بە هۆییەوە بریندار و زیانی لە نێو هاووڵاتییانی مەدەنی لێکەوتەوە. هێرشەکەشی بە کارێکی «لادەر» ناو بردووە.

یۆنامی دەڵێت: «وەک ئەوەی پێشتر گوتوومانە عێراق پێویستی بە فەرمانڕەوای چەکدار نییە، کە بە زۆر خۆیان وەک سەرکردە دەسەپێنن، جەختکردنەوە لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت کارێکی بنەڕەتییە، ئەگەر تاوانکاران ناسراون، پێویستە دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن».

دوای هێرشەکە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارانی کرد و ڕایگەیاند: «ئێمە نازانین ئامانجی درۆنەکە چی بووە، درۆنەکە لە شوێنێک کەوتووەتە خوارەوە، کە هیچ بارەگایەکی لێ نییە. ئێمە بە دیاریکراوی نازانین ئامانجی درۆنەکە چی بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەگەنە ئامانج، ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتووە هەر ئەو شوێنانەی پێشووە، کە هەڕەشەکانی لێوە هاتووە.»

سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکەش، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: «بەداخەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر هەولێر و چەند کەسێک برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان تەندروستیی باش نییە، هیوادارم کە بە تەندروستییەکی باشەوە هەڵبستنەوە».

بەم هێرشەی شەوی ڕابردوو، لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا ١٢ جار هێرش کراوەتە سەر شاری هەولێر و دەوروبەری. دواین جار کە بە درۆن هێرش کرایە سەر شاری هەولێر لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢١ بوو، هێرشەکەش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بوو، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە