پەیامی کورد... یۆنان سنووری خۆی لەگەڵ تورکیا تەلبەند دەکات
حکومەتی یۆنان ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچی نایاسایی، بڕیاریان داوە ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن توند بکەنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا بە درێژایی سنووری وشکانی لەگەڵ تورکیا تەلبەند دەکەن و چاودێیکردنیش چڕ دەکەنەوە.
لەمبارەیەوە حکومەتی یۆنان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاوی کردووەتەوە: " بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دیاردەی کۆچی نایاسایی بڕیارمانداوە، بە درێژایی ڕوباری ئیڤروس تەلبەند بکەین، هاوکات سیستەمی چاودێری کەناراوەکان نوێ بکەینەوە و چالاکتریان بکەین".
هاوکات ئەم بڕیارانە لە میانەی کۆبوونەوەی کریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە، گەورە بەرپرسانی ئاسایش و سوپا و کۆچی دەرکراون، ئەمە پاش ئەو بەرزبوونەوە چاوەڕواننەکراوەی لە ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی ڕویانداوە، چ لە سنووری وشکان و چ لە سنووری ئاوییەوە لەڕێگەی دەریای ئیجەوە.
بەپێی بڕیارەکەی حکومەتی یۆنان، تەلبەندکردنەکە 40 کیلۆمەتر دەبێت، لە ناوچەی دەریای ئیڤروس، بە درێژایی سنووری وشکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی ئەسینا، چەند جارێک ئەنقەرەی بە ناردنی ئەو ژمارەیەی کۆچبەران تۆمەتبار کرد کە بە وتەی خۆیان"بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی وڵاتەکە و پەیوەندیی دراوسێیەتی نێوانیان"، هاوکات تورکیاش یۆنانی بە ناردنەوەی کۆچبەران و پێنەدانی مافی پەنابەرێتی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار کردووە.
جێی باسە پێشتر و لە ساڵی 2020 تورکیا ڕایگەیاند، سنوورەکانی ڕۆژئاوای بەڕووی کۆچبەراندا دەکاتەوە، لەبەرامبەریشدا حکومەتی یۆنان جەختیی لە بەهێزکردنی سنوورەکانی کردەوە بۆ ڕێگری لەو شەپۆلەی کۆچبەران".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە