پەیامی کورد... ناتۆ: دەبێت خۆمان بۆ شەڕێکی درێژخایەن لە ئۆکرانیا ئامادە بکەین
لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکرایەوە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، کۆتایی هاتنی شەڕی ئۆکرانیای رەتکردەوە، لە کاتێکدا کیێڤ بەردەوامە لە دەستپێکردنی هێرشەکانی دژە رووسیا.
لەمبارەیەوە یەنس ستۆڵتنبێرگ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گروپی میدیایی "فونکە"ـی ئەڵمانی رایگەیاند: زۆربەی شەڕەکان زیاتر لە وادەی دیاکراو دەخایەنێت، کاتێک بۆ یەکەمجار دەست پێدەکەن، هۆشداریشیدا، کە "دەبێت خۆمان بۆ شەڕێکی درێژخایەن لە ئۆکرانیا ئامادە بکەین".
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەشکرد: هەموومان هیوادارین ئاشتییەکی خێرا بێتە کایەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت درک بەوە بکەین: ئەگەر سەرۆک زێلێنسکی و ئۆکرانیاییەکان شەڕەکانیان بوەستێنن، ئەوە ئۆکرانیا بوونی نامێنێت. بەڵام ئەگەر پوتن و رووسیا چەکەکانیان دابنێن، ئەوا ئێمە ئاشتیمان دەبێت.
سەبارەت بە خواستەکانی ئۆکرانیا بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەدا، کە "گومانی تێدا نییە ئۆکرانیا لە کۆتاییدا دەبێتە ئەندامی ناتۆ"، گوتیشی: کیێڤ لە ناتۆ نزیکبووەتەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی لەوە کردەوە، "کاتێک ئەم شەڕە کۆتایی دێت، پێویستمان بە گەرەنتی ئەمنی دەبێت بۆ ئۆکرانیا، ئەگەرنا ڕەنگە مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە".
کیێڤ لە مانگی حوزەیراندا، هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئەو پێگانە دەستپێکرد، کە رووسیا لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەستی بەسەردا گرتبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2022دا، رووسیا هێرشی کردە ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەیان داگیر کردووە، هەروەها بە دەیان هەزار سەرباز لەهەردوولا کوژران و برینداربوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمییان بڵاو نەکردووەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە