ناتانیاهۆ: ئەگەر بە شەڕیش بێت کۆتایی بە داگیرکارییەکانی ئێران دەهێنین

ناتانیاهۆ: ئەگەر بە شەڕیش بێت کۆتایی بە داگیرکارییەکانی ئێران دەهێنین

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەگەر بە شەڕیش بێت حکومەتی ئیسرائیل، کۆتایی بە داگیرکارییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنین

 

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕوونکردنەوەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە حکومەتی ئیسرائیل لە بری ئەوەی بابەتەکە دوابخات سوورە لەسەر ئەوەی ساتێک زووتر کۆتایی بە داگیرکارییەکانی ئێران بهێنێت تەنانەت ئەگەر بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکە پێویست بە شەڕیش بکات.

بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند من لەگەڵ ئەوەدا نیم دۆخی وڵاتەکەم ئاڵۆز بکەم بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک. چونکە هەر دەوڵەتێک لە کاتی خۆیدا ئامادە نەبێت وەڵامی داگیرکەران بداتەوە لە دواییدا بە قورسی باجەکەی دەدات. ئێمە گرژی و ئاڵۆزیمان ناوێت. بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرەکان.

ناتانیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی ئێران لەم چەند مانگەی دواییدا چەندین چەکی پێشکەوتووی بردۆتە سووریا و دەیەوێت بەرامبەر بە ئیسرائیل بەکاری بهێنێت. ئێران دەیەوێت لە خاکی سووریاوە مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات و ئەو سیستەمە بەرگرییەی ئێران لە خاکی سووریادا جێگیری کردووە مەترسی بۆ سەر هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل درووست کردووە.

شایانی باسە هەفتەی ڕابردوو بنیامین ناتانیاهۆ ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل چەندین بەڵگەی دەستکەوتووە ئێران بەرنامەیەکی ئەتۆمی نهێنی هەیە و سەرقاڵی درووستکردنی کڵاوەی ئەتۆمییە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە