پەیامی کورد ... چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی ئێران لە سەر سەتەلایت دەسڕدرێنەوە .
جێگری دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەهۆی دابین نەکردنی بوودجەی کاناڵە تەلەفزیۆنییە نێونەتەوەییەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە لە ماوەی ڕۆژان و حەفتەکانی داهاتوو دا کەناڵە گرینگەکانیان وەکوو ''پرێس تی ڤی''، ''العالم'' و ''ئای فیلم'' بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر سەتەلایت بسڕدرێنەوە
''پەیمان جەبەلی'' لە ووتووێژێکدا ڕایگەیاندووە : لە ٥ مانگی ڕابردوودا، سەڕەرای بە دواداچوونە زۆر جیددییەکانی ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگ بۆ وەرگرتنی پشکی ئەرزی خۆی، تەنانەت دۆلارێکیش نەدراوە بەو ڕێکخراوەیە.
لە ماوەی ڕابردوودا، ٣ کەناڵی نێونەتەوەیی ڕێژیمی ئێران وەکوو: ''کەناڵی تەلەفزیۆنی الکوثر بە زمانی عەرەبی، کەناڵی تەلەفزیۆنی سەحەر و ڕادیۆ دەری لە ئەفغانستان" بەهۆی نەدانەوەی قەرزەکانیان داخراون.
''جەبەلی'' دەنگ و ڕەنگی بە دەزگایەکی گرینگ و ئیستراتیژیکی ڕێژیمی ئێران ناو برد و لەو بەرپرس و ناوەندانەی کە لە دابینکردنی بوودجەی دەنگ و ڕەنگی ڕیژیم بەرپرسیارن، ڕەخنەی تووندی گرتووە.
لە بەرامبەردا ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی ڕێژیم دەڵێت، لە سندوقی گەشەی نەتەوەیی دراوی یێنی ژاپۆن، یان یوووانی چین و ڕووپیەی هێند بوونی هەیە، بەڵام دەنگ و ڕەنگ، دۆلار یان یۆرۆی پێویستە ئەویش بانکی ناوەندی لە بەردەستیدا نییە.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو هەتا ئیستا، ئەمریکا بە دانانی گوشاری لەڕادەبەدەر، گەمارۆی بەربڵاوی دژی ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستووە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دابین کردنی بوودجەی دەنگ و ڕەنگ داناوە.
ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا ١٥ کاناڵی تەلەفزیۆنی لە دەرەوەی سنوورەکان هەیە.
لە ئێستادا جێگری دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، داخرانی ئەم کاناڵانەی بە زەربەیەکی کاری لەسەر بنەماکانی ڕیکلامی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ناو بردووە.
هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای گووگڵ دوو کەناڵی دەرەوەی سنوورەکانی ڕێژیمی ئێرانی داخست و بەم پێیە "پرێس تی ڤی" و ''هیسپان تی ڤی'' دەستپێڕاگەیشتنیان بە هەژمارەکانی "جی مەیل و یووتیووب" لەدەست داوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە