پەیامی کورد ... لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا سەرۆک بارزانی ڕۆڵ و بەشدارییەکی کارای ھەبوو. بەشداربوویەکی ڕاپەڕینیش ئاشکرای کرد، سەرۆک بارزانی یەکەم سەرکردەی کورد بوو لە یەکەم ساتی ڕاپەڕینەوە گەیشتە ناو خاکی کوردستان و دەشڵێ، بەشداری سەرۆک ورەیەکی زیاتری بە جەماوەر و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەخشی .
سەباح بەیتوڵڵا، بەشداربووی ڕاپەڕین دەڵێت: "ڕاپەڕین بەرھەمی ھەموو ھێزە سیاسی و چینوتوێژەکانی خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام بە ھۆی خەبات و قەبارەی ھێزی چەکدارەوە پشکی شێری ئەو شانازییە بەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێت، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی لە یەکەم ساتەوە تا کۆتاییی ڕاپەڕین بەشدارییەکی کارا و ڕاستەوخۆی ھەبووە. ھەروەھا سەرۆک بارزانی یەکەم سەرکردەی ئەوکاتی کورد بوو لە ڕانیەی دەروازەوە گەیشتە ناو خاکی کوردستان، تا کەرکووک ئازاد کرا."
ئەو بەشداربووەی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد: "گەیشتنەوەی سەرۆک بارزانی بۆ ناو خاکی کوردستان ورەیەکی زۆری بەخشی بە جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵکی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان. بەبیرم دێت بنەماڵەی شەھیدان و تێکڕای جەماوەری کوردستان کە بە ھۆی زۆڵم و ستەمی ڕژێمی داگیرکەری بەعسەوە زۆڵم و ستەمی زۆریان چەشتبوو پێشوازیی گەرمیان لە سەرۆک بارزانی کرد بەوەی خۆی ڕاستەوخۆ لەنێو پێشمەرگە و جەماوەردایە بۆ ڕاماڵینی ڕژێمی لەناوچووی بەعس."
سەباح بەیتوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "مێژووی تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان ئەوەی نەشاردووەتەوە زۆربەی دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی گەلی کورد پەیوەستن بە ڕۆڵ و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بێگومان یەکێک لە وێستگەکانی خەباتی پارتی، بەشداریی پارتی بوو لە ڕاپەڕینی پیرۆرزدا، چونکە بینیمان پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی پارتی سات بە سات لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا بوون بۆ ڕزگارکردنی خاکی خۆیان."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە