گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی ناداتە یەکیتی

گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی ناداتە یەکیتی

بزووتنەوەی گۆڕان، گوێ بە داواکارییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ڕادەستکردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی نادات و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش لە فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکرای دەکات کە ”وا بە زوویی“ ئەو پۆستەیان ڕادەست ناکەنەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکات، لە کاتی خۆیدا، پۆستی پارێزگاری سلێمانی ڕادەست بکاتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە 30/4/2018 وادەکەی کۆتایی هاتووە. بەڵام بەپێی زانیارییەکان گۆڕان گوێی بە داواکارییەکەی یەکێتی نەداوە.

لەمبارەیەوە دیلمان عەزیز، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "پۆستی پارێزگاری سلێمانی، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان ئاڵوگۆڕی پێکراوە و پێشتر ئەو پۆستە ماوەیەکی زۆر لای یەکێتی نیشتمانی بووە، بەڵام ئەو پۆستە ھەمووی چەند مانگێکە دراوە بە بزووتنەوەی گۆڕان، لە کاتێکدا دەبێ بزووتنەوەی گۆڕان ھاوشێوەی یەکێتی بۆ ماوەی دوو ساڵ پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەڕێوە بەرێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی گوتیشی: "یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و ڕادەستکردنەوەی بە یەکێتی پێویستی بە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ھەیە، چوونکە ئێمە بە ڕێککەوتن ئەو پۆستەمان وەرگرتووە، لەوانەیە لە نێوان یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕاندا کۆبوونەوەیەک بکرێت، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە".

دیلمان عەزیز، ئەوەشی ئاشکرا کرد: "باوەڕ ناکەم پۆستی پارێزگای سلێمانی، بە زووی ڕادەستی یەکێتی بکرێتەوە و جارێ ئەو پۆستە ھەر لای بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە