ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی کرد

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی کرد

پەیامی کورد... ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی کرد

لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە شەوی رابردوو ئەنجامدرا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی کرا.

فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە شەوی رابردوو، بەسەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، موحسین مەندەلاوی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 ئەنجامدراوە.

راشیگەیاندووە لە کۆی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، 235یان ئامادەی دانیشتنەکە بوون کە لە میانیدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی کراوە.

چاوەڕان دەکرێت لە میانی دانیشتنەکانی داھاتوودا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکە بکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە.

لە 13ی مانگی ئاداردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 پەسەند کرد و رۆژی 17ی ھەمان ئەو مانگە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد.

پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبووە کە قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتھێنان لە بوودجەی گشتیی ئەمساڵدا، 63 تریلیۆن دینارە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە