گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا ٩٠٠ هەزار حاڵەتی تێپەڕاند

گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا ٩٠٠ هەزار حاڵەتی تێپەڕاند

پەیامی کورد... گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا ٩٠٠ هەزار حاڵەتی تێپەڕاند

تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە جیهاندا بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوەیە، ویلایەتە یەکگرتووەکان کە زەرەرمەندترین وڵاتی پەتاکەیە گیانلەدەستدان تێیدا ٩٠٠ هەزار حاڵەتی تێپەڕاند.

بەپێی ئامارەکانی زانکۆی جۆنز هۆبکنز-ی ئەمریکی، وڵاتەکە لە ناوەڕاستی کانوونی یەکەمی ڕابردوو ٨٠٠ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدانی تێپەڕاند، واتە بەر لە مانگ و نیوێک بەر لە ئێستا.

ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئێستادا لە بەردەم شەپۆلی تووشبوون بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دایە، ئەمەش ئەگەری گەیشتن بە یەک ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان بە دوور نازانرێت لە ماوەی مانگێک یان زیاتری داهاتوودا.

بەپێی ئامارەکان لە ئێستادا تووشبوون بە گۆڕاوەکە ڕوو لە کەمبوونەوەیە، بەڵام ژمارەکانی گیانلەدەستدانی ڕۆژانە بەرزە، بە جۆرێک بە شێوەیەکی ڕێژەیی ڕۆژانە ٢٤٠٠ حاڵەت تۆمار دەکرێت.

سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی گیانلەدەستدان، تەنیا ٦٤٪ی ئەمریکییەکان ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەگەرچی ڤاکسینی کاریگەر بە شێوەیەکی بەرچاو بەردەست خراوە.

بەپێی ژمارە فەرمییەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕیزبەندی یەکەمدایە لەڕووی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا، دوای ئەو هەریەک لە بەڕازیل و هیندستان دێت.

پەتاکە تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەمی ٥.٧ ملیۆن کەس لەسەر ئاستی جیهان لەوەتەی بڵاوبوونەوەیەوە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، بەپێی ئەو ئامارەی ڕۆژی هەینی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ژمارە ڕاستەقینەکە پێ دەچێت دوو هێندە یان سێ هێندە بێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە