حکومەتی هەرێم پەیامێک بڵاوکردەوە

حکومەتی هەرێم پەیامێک بڵاوکردەوە

لە ساڵیادى ١٢٠هەمینى ساڵەی ڕۆژنامەگەرى کوردیدا حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و داواش لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستان دەکات لە بانگەشەى هەڵبژاردنەکان ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
لە پەیامەکەى حکومەتى هەرێمدا هاتووە، لە سەد و بیستەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی و بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامه‌نووسان و سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان دەکەین، هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە کاری پیشەییانە و گەیاندنی پەیامی دروست و نیشتیمانیانەدا بۆ خزمەتكردنی زیاتر بە کۆمەڵگا.
ڕاشیگەیاندووە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەشێکی ئازاد و ئارام ڕەخسێنراوە بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی عێراق کە خوازیارین لە کەشێکی مەدەنیانەی دروست و  سەقامگیردا بەڕێوەبچێت، لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستانیش داواکارین ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی کە شایانی ناو و ناوبانگی کوردستان و مێژووی خەبات و قوربانییه‌كانى بێت.
ئەم پەیامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە ژمارەیەک کەیسى تیرۆرکردنى ڕۆژنامەنوسان لە دادگایە و تا ئێستاش بەشێکى زۆرى ئەو کەیسانە تاوانبارانیان دیارنین و نەدراون بە دادگا.
لە بەرواری ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان لە یەکێک لە ویلایەتەکانی سەربە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەدایکبوو.
ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان بە دزییەوە دەگەیەنرانە کوردستان و بەشێکى بابەتەکانی ڕۆژنامەکەش بۆ هۆشیارکردنەوەی نەتەوەیی کورد و لایەنەکانی مێژوو و وێژە و کەلتووری کورد تەرخانکرابوون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە