پەیامی کورد ... وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، بە مەبەستی رێگریكردن لە بڕیاری سێدارەدانی شەش هاووڵاتی بەڕەگەز فەڕەنسی لە عێراق، تەواوی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان دەخەنەگەڕ.
ژان ئیڤ لۆ دریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند : "بە مەبەستی رێگریكردن لە بڕیاری سێدارەدانی شەش هاووڵاتی بەڕەگەز فەڕەنسی لە لایەن عێراق-ەوە، فەڕەنسا هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەكانی چڕكردووەتەوە".
سەبارەت بە بڕیاری دادگایەكی عێراق بە لە سێدارەدانی سێ كەسی بە ڕەگەز فەڕەنسی، كە بە تێوەگلانیان لەگەڵ چەكدارانی رێكخراوی داعش تۆمەتبارن، لۆ دریان لەبەردەم لیژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ووڵاتەكەیدا ووتی، "سەبارەت بە بڕیاری لە سێدارەدانی ئەو شەش کەسە، پێشتریش بە دەسەڵاتی عێراقیمان ڕاگەیاندووە و هەڵوێستمان لەوبارەیەوە دووپاتدەكەینەوە، كە سزای لە سێدارەدانیان ڕەتدەكەینەوە".
ووتەكانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەكاتێكدایە، یەكشەممەی ڕابردوو ٢٦ی مەی، دادگایەكی شاری بەغدای پایتەخت بە تۆمەتی تێوەگلانیان لەگەڵ چەكدارانی داعش، سزای لە سێدارەدانی بۆ سێ كەسی بەرەگەز فەرەنسی دەركرد و دواتر لە رێكەوتی 28ی ئایاردا هەمان سزای بەسەر سێ كەسی دیكەی ئەو ووڵاتەدا سەپاند.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە