پەیامی کورد... وڵاتانی گرووپی 7 داوای کشانەوەی ڕووسیا لە ئۆکراینا دەکەن
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت جەختیان کردەوە لەوەی بە توندی پشتیوانی لە ئۆکراینا بکەن لە کاتێکدا " سزاکانی دژ بە ڕووسیا کە هەماهەنگی تەواو کراوە وچەسپێندراوە، توندتربکەن."
وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، وەزیرانی گرووپی حەوت جەختیان لەوە کردووەتەوە ڕووسیا "دەبێت دەستبەجێ و بەبێ مەرج هەموو هێز و کەرەستەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە."
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن هایاشی یۆشیماسا لە کۆبونەوەیەکدا کە تێیدا تیشک خرایە سەر شەڕی ڕووسیا لە ئۆکراینا گوتی گرنگە لە جێبەجێکردنی سزاکان بەسەر ڕووسیادا یەکڕیزی بپارێزرێت.
دوابەدوای ڕاگەیاندنەکەی مانگی ڕابردووی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین کە ڕایگەیاندبو ڕووسیا چەکی ئەتۆمی تەکتیکی بۆ بێلاڕووس دەنێرێت، وەزیرانی گرووپی حەوت ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەکەیاندا ئەو هەنگاوەیان سەرکۆنە کرد و دووپاتیانکردەوە کە "لێدوانە نابەرپرسانەکانی ڕووسیا لەسەر ناوکی مایەی قبوڵکردن نییە. "
ڕووسیا پێشتر بەشێک بوو لە گرووپی هەشت بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 2014دا نیمچە دوورگەی کریمیای ئۆکراینای لکاند بە خۆیەوە لەو گرووپە دەرکرا و گرووپەکە بوو بە گرووپی حەوت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە