پەیامی کورد ... وەزیری بەرگری ئیسرائیل: بنکە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە مۆڵگەی بەرهەمهێنانی مووشەک
وەزیری بەرگری ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد کە لەخاکی سووریا مووشەکی پێشکەوتوو بەرهەم دێنێت.
به گوێرەی ڕاپۆرتی یۆرۆنیوز، بێنی گانتس ڕایگەیاند : کۆماری ئیسلامی لە دام و دەزگا نیزامییەکانی دا لە ووڵاتی سووریا، زیاتر لە 10 بنکە، چەکی قورس و مووشەک درووست دەکات و ڕادەستی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەیانکات بەمەبەستی هەڵگیرسانی شەڕو تێکدانی زیاتری ناوچەکە.
ئەم هەڵوێستەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل پاش لێدوانی فەرماندەی پلەباڵای کۆماری ئیسلامی دێت، ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ، هەڕەشەی لە حەیفا و تەل ئەڤیڤ کردبوو و جەختی کردبوو بە مووشەک ئەو شارانە لەگەڵ خاک یەکسان دەکەن.
کەیوومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی ووشکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی درۆنێکی پێشکەوتووی بە ناوی "ئارشی 2" درووست کردووە کە ئەرکی لێدانی حەیفا و تەل ئەڤیڤە.
بێنی گانتس شوێنی بنکە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ووڵاتی سووریا ئاشکرا کرد و ئەوەشی خستە ڕوو بەبەردەوامی خەریکی دروستکردنی چەکی قورس و مووشەکە.
گانتس لە کونفرانسێکدا لە نیویۆرک ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی، ناوەندی تۆیژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی سووریای لە ناوچەی "مەسیاف" ی کردووەتە مۆڵگەی بەرهەمهێنانی مووشەکی کورت مەودا و دوورمەودا و ئەم مووشەکانە ڕادەستی گرووپی حێزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەکرێ و ناوچەکە نۆقمی خوێن کراوە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕوونی کردەوە: ئامانج لەم سیاسەتە تەنیا بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە ناوچەکەدایە و لە سەردەمی قاسم سلەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران کە لە عێراق کوژرا، ئێستاش زۆر گرینگە پێش لەم جۆرە سیاسەتە تێکدەرانە بگیردرێ.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە