پەیامی کورد... وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: کڕینی غاز لە ڕووسیا بە نرخێکی هەرزان هەڵەبوو
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بۆ یەکەمجار دانبەوەدا دەنێت، کە کڕینی غاز لە ڕووسیا بە نرخێکی هەرزان هەڵە بوو و ئێستا بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.
لەمبارەیەوە ئانالێنا بێیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند، هیچ کات لەبەرامبەر هەوڵەکانی ڕووسیا چۆک نادەین، لە ڕاستیدا هیچ کات غازمان لە ڕووسیا بە هەرزان نەکڕیوە، لەوانەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا نرخەکە گونجاو بووبێت، بەڵام هۆکاری گونجاوی نرخەکەشی، پشتبەتنێکی کوێرانە بوو کە لە ڕاستیدا بووە مەترسی بۆسەر ئاسایشی ئەڵمانیا.
ناوبراو وتویەتیشی: "پارەی هەموو مەترە سێجایەکی گازی ڕووسیامان داوە، دوو هێندە و هەندێک جاریش سێ هێندە لەسەر حیسابی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەمان بووە".
گازپرۆم گەورە کۆمپانیای ڕووسی بواری وزە پێشتر ڕایگەیاندبوو، هەناردەی گاز بۆ ئەڵمانیا لە ڕێگەی بۆڕی نۆرد ستریمەوە، بەتەواوەتی وەستا.
کۆمپانیای ناوبراو کە لە بواری وزەدا کاردەکات، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دابینکردنی گاز لە ڕێگەی نۆرد ستریمەوە بە تەواوی وەستا، لە کاتێکدا نۆژەنکردنەوەی پرۆژەکە لە یەکەیەکی کۆمپرێسەری گاز دەستپێدەکات، هۆکاری وەستانی هەناردەکردنی گاز لە ڕێگەی نۆرد ستریمەوە، بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشێکی پرۆژەکە گەڕاندووەتەوە.
جێی باسە پرۆژەی "نۆرد ستریم"، پڕۆژەیەکی گواستنەوەی گازە لە ڕێگەی دەریای بەڵتیق لە ڕووسیاوە بۆ ئەڵمانیا، وەستاندنی هەناردەی گاز لەم پرۆژەیە، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی سووتەمەنی دەبێت لە ئەورووپا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە