پەیامی کورد... یونسکۆ: ٩٨ شوێنی کولتووری ئۆکراینا زیانیان بەرکەوتووە و وێران بوون
ڕێکخراوی یونسکۆ دەڵێت لەمیانەی داگیرکەرییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکراینا لانی کەم ٩٨ شوێنی کولتووری و ئایینی لەو وڵاتەدا زیانیان بەرکەوتووە یاخود وێران بوون.
بەڕێوەبەری پاشماوە دێرینەکانی جیهانی ڕێکخراوی یونسکۆ لازارێ ئیلۆندۆ ئاسۆمۆ وتی بۆردوومانەکان لە ئۆکراینا تاوەکوو ئێستا پاشماوە دێرینەکانیان لە هەشت هەرێمی ئۆکراینادا کردووەتە ئامانج، هەندێک شوێنیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕۆژگاری کۆن و ئەوانی دیکە بە نیشانەی ئەندازیاریی سەرەتای سۆڤییەت دادەنرێن.
وتیشی ژمارەی ئەو شوێنانەی زیانییان بەر دەکەوێت ڕەنگە زیاتر ببێت لە کاتێکدا شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا چڕتر دەبێتەوە.
وتی " هەندێک لەم شوێن و مۆنۆمێنتانەی زیانییان بەرکەوتووە کاتییان دەوێت تاوەکوو دووبارە بنیات دەنرێنەوە، هەندێکی دیکەیان ڕەنگە هەرگیز نەتوانرێت بنیات بنرێنەوە."
یونسکۆ وێنەی مانگە دەستکردەکان و لێدوانی شایەتحاڵەکانی بەکارهێناوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن بەرپرسانی ئۆکرایناوە سەبارەت بەو شوێنانە بڵاو کراونەتەوە.
هیچ کام لەو شوێنانەی کە زیانییان بەرکەوتووە لە لیستی پاشماوە دێرینەکانی جیهانی ڕێکخراوی یونسکۆدا نین، وەکوو کڵێسای سەینت سۆفیا و بینا ڕەبەنەکانی کیێڤ - پێچێرسک لاڤرا لە کیێڤی پایتەخت.
بەڵام ئیلۆندۆ ئاسۆمۆ هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەو شوێنە دێرینانەی کە لە لیستەکەی یونسکۆدان بکرێنە ئامانج ئەوا " ئەوە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە و ڕەنگە وەکوو تاوانی جەنگ دابنرێت."
سکرتێری گشتی ڕێکخراوی یونسکۆ ئۆدری ئازولان لە ناوەڕاستی مانگی سێدا لە نامەیەکدا بەرپرسیارێتییەکانی ڕووسیای بۆ پاراستنی پاشماوە دێرینە کولتوورییەکانی ئۆکراینای بە بیری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ هێنایەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە