پەیامی کورد... ڕووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا شەش جۆری بۆمبی هێشوویی بەکارهێناوە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، سوپای ڕووسیا لە هێرشەکانیدا شەش جۆری بۆمبی هێشوویی لە هەشت هەرێمی ئۆکراینا بەکارهێناوە، کە بە هۆیانەوە سەدان خەڵکی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی، بەهۆی هێرشەکانی سوپای ڕووسیا و بەکارهێنانی ئەو بۆمبە قەدەغەکراوانەوە، سەدان هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆریشی بە شارەکان گەیاندووە، لەنێویاندا خانوو، نەخۆشخانە و قوتابخانەش تەختی زەوی کراون و بە تەواوی وێرانبوون.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سوپای ئۆکرایناش یەکجار بۆمبی هێشوویی دژ بە سوپای ڕووسیا بەکارهێناوە.
هاوکات سەبارەت بە بوون و بەکارهێنانی ئەو چەکە قەدەغەکراوانە، ماری وێرهام، بەڕێوەبەری داکۆکیکردن لە دژی چەک لە ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەکارهێنانی ئەو بۆمبە هێشوویانە لەلایەن ڕووسیاوە لە ناوچەی چڕی دانیشتووان زیانی درێژخایەنی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی دەبێت و پێویستە هەرچی زووە ئەو هێرشانە بوەستێنرێت.
شایەنی باسە پەیماننامەی نێودەوڵەتی قەدەغەکردنی بۆمبی هێشتووە لە ساڵی ٢٠٠٨ واژۆکراوە، بەڵام هیچ یەکێک لە ڕووسیا و ئۆکراینا لە واژۆکردنی پەیماننامەکە بەشدار نین بۆیە هیچ لایەکیان پابەند نابن بەو بەیاننامەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە