پەیامی کورد... ڕووسیا گیانلهدهستدانی سەرۆکی ڤاگنەر پشتڕاست دەکاتەوە
ئهمڕۆ یەکشەممە لێکۆڵەرانی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە پشکنینە بۆماوەییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر لەنێو ئەو 10 کەسەدا بووە کە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا لە هەفتەی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە.
لێژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەی خۆیدا لە تەلەگرام ڕایگەیاندووە "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە لە ناوچەی تڤێر، لێکۆڵینەوە بۆماوەییەکان تەواو بوون."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی ئەنجامەکانیان ناسنامەی هەر 10 قوربانییەکە دیاریکرا، بەپێی ئەو لیستەیە کە لە بەڵگەنامەی گەشتەکەدا دیاریکراوە".
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ڕووسیا باسیان لەوە نەکردووە کە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە تایبەتەکەی لە ئاسمانەوە چی بووە.
پێشتر دەزگای فڕۆکەوانی ڕوسیا ناوی هەر 10 کەسی ناو ئەو فڕۆکە تایبەتەی بڵاوکردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە لە ناوچەی تڤێر لە باکووری ڕۆژئاوای مۆسکۆ کەوتە خوارەوە. لە نێویاندا پریگۆژین و دیمیتری ئوتکینیش کە کەسێکی نزیک لە پریگۆژین بوو و یارمەتی دامەزراندنی گروپی ڤاگنەری دابوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە