وردەکاری کوشتنی سەرکردەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی «ئەلقاعیدە» ئەیمەن زەواهیری

وردەکاری کوشتنی سەرکردەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی «ئەلقاعیدە» ئەیمەن زەواهیری

پەیامی کورد... وردەکاری کوشتنی سەرکردەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی «ئەلقاعیدە» ئەیمەن زەواهیری

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کوژرانی تیرۆریست ئەیمەن زەواهیری، سەرکردەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی «ئەلقاعیدە» ی ڕاگەیاند. بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا هەفتەیەک پێش کوشتنی زەواهیری زۆر بە وردی شوێنەکەی دیاری کراوە و بەر لە کوشتنیشی ئەمریکا بزووتنەوەی «تاڵیبان» ی ئاگادار نەکردووەتەوە. هاوکات هیچ کەسێکی مەدەنی نەبووە قوربانی لەو بۆردوومانە ئاسمانییە.

بایدن ئەوەشی خستە ڕوو، ناوبراو تێوەگلاوە لە هێرشە تیرۆریستییەکەی ١١ی سێپتەمبەر. ئاماژەشی بەوە داوە، کە ڕێگە نادەن ئەفغانستان ببێتە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ تیرۆریستان. زەواهیری لە ناوچەی شیربور لە کابووڵی پایتەختی ئەفغانستان کراوەتە ئامانج. ئەمەش دوابەدوای دۆزینەوەی تۆڕێک کە یارمەتیی داوە.

بە گوێرەی کۆشکی سپی، لە ٢٥ی مانگی ڕابردوو، جۆ بایدن فەرمانی کوشتنی زەواهیری دەرکردووە. «تاڵیبان» یش ئاگادار بووە لە بوونی زەواهیری لە کابووڵ و هەندێک لە بەرپرسە گەورەکانی تۆڕی حەقانیش ئاگاداری شوێنی زەواهیری بوونە.

بە گوتەی چەند بەرپرسێکی ئەمریکیش، چەند بەرپرسێک و یاریدەدەرانی وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان پێگەیەکی پارێزراویان بۆ ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە دابین کردووە. هەروەها چەند کەسانێک لەناو تۆڕی حەقانی شوێنی زەواهیرییان پەردەپۆش کردووە و یارمەتییان داوە بۆ دەستەبەرکردنی شوێنێکی پارێزراو، بەم شێوەیەش «تاڵیبان» ڕێککەوتنی دەوحەی شکاندووە.

کوشتنی زەواهیریش لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی «CIA» ەوە ئەنجام دراوە. بە شێوەیەک لە ڕێگەی دوو مووشەکەوە کراوەتە ئامانج. هەواڵگریی ئەمریکیش شوێنی زەواهیریان پێش چەند ڕۆژێک لە شوێنی لێدانەکە چاودێری کردووە. زەواهیری، ئەم چەند هەفتەیەی دوایی لە کابووڵ بەسەر بردووە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووش چاودێری کراوە. پلانەکەش پێش شەش مانگ دەستی پێ کردووە، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بە چڕی کاری لەسەر کراوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەمریکا پێش کوشتنی زەواهیری «تاڵیبان» ی ئاگادار نەکردووەتەوە کە لە خانوویەک بووە لە شیربور لە کابووڵ.

دوابەدوای ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە «تاڵیبان» سەرکۆنەی کوشتنی زەواهیری کرد لە لایەن درۆنێکی ئەمریکییەوە لە ئەفغانستان و، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکای بە پێشێلکردنی سەروەری وڵات وەسف کرد، هەروەها دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

لای خۆشیەوە، ئەنتۆنی بلینکین، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، «تاڵیبان» لە ڕێگەی داڵدەدانی زەواهیرییەوە بەشێوەیەکی زەق ڕێککەوتنی دەوحەی لە قەتەر پێشێل کرد.

 

ئەیمەن زەواهیری کێ بوو؟

 

 

پزیشک و جەنگاوەری میسری

ئەیمەن زەواهیری، ڕێکەوتی ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥١ لە ناو بنەماڵەیەکی ناودار، لە شاری قاهیرەی میسر لەدایکبوو.

باپیری زەواهیری، مامۆستای زانکۆی ئیسلامیی ئەزهەر و باوکیشی دەرمانساز و مامۆستای زانکۆی قاهیرە بوو.

ئەو لە سەردەمی گەنجێتیدا، بە هۆی چوونە ناو ڕیزەکانی ئیخوان موسلمین، زیندانی کرا. دواتر درێژەی بە خوێندنی دا و بوو بە پزیشکی پسپۆڕی چاو و لە قاهیرە نۆرینگەی دانا.

زەواهیری لە ساڵی ١٩٧٣ بە یاوەری هاوبیرانی، گرووپی «جیهادی ئیسلامی’ لە میسر دامەزراند.

گرووپی جیهای ئیسلامی، بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی ئەنوەر سادات سەرۆک کۆماری ئەو کاتی میسر تۆمەتبار کرا، هەر بۆیە ساڵی ١٩٨١ زەواهیری و سەدان کەسی دیکە زیندانی کران.

ئەو، دوای سێ ساڵ ئازاد کرا و دواتر چوو بۆ سعودیا و لەوێشەوە بۆ یارمەتیدانی موجاهیدینی ئەفغانی و عەرەبەکان، سەردانی پیشاوەری پاکستانی کرد.

زەواهیری لە ساڵی ١٩٩٣ وەک ڕێبەری گرووپی جیهادی ئیسلامیی میسر هەڵبژێررا و شەڕێکی خوێناوی دژ بە حکومەتی میسر دەستپێکرد.

ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٩٧ زەواهیری وەک بکوژی زۆربەی گەشتیارە ڕۆژئاواییەکان لە میسر، ناساند.

دوو ساڵ دواتر و لە دادگایەکی سەربازیدا و بەبێ ئامادەبوونی خۆی، سزای مەرگ بۆ زەواهیری دەرچوو.

زەواهیری لەو ساڵەدا بە ناسنامەی ساختە، سەردانی وڵاتانی سویسرا، ڕووسیا، بولگاریا، عێراق، ئێران و دانیمارکی کردووە.

ساڵی ١٩٩٦ بە هۆی نەبوونی ڤیزا، بۆ ماوەی شەش مانگ لە چیچان دەستگیر کرا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە