پەیامی کورد... ڕوسیا : ئیسرائیل بە نیازه ئاو بەربداتە ناو تونێلەکانی حەماس
دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بەنیازە ئاوی دەریا بکاتە تونێلەکانی غەززەوە بەمەبەستی دروستکردنی لافاو بۆ دەرپەڕاندنی چەکدارانی حەماس، جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دایە ئیسرائیل لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە و ڕایگەیاند، ئەمە دەبێتە "تاوانی جەنگ".
لەمبارەیەوە دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەیەکی ئەمریکیی ڕاگەیاندووە: "پلانی ئیسرائیل لەئێستادا ئەوەیە لافاو لە تونێلەکان دروستبکات، ئەوەش دەبێتە مەترسی لەسەر ئاوی کەرتی غەززە، بەمەبەستی ئەوەی پاڵ بە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسەوە بنێت بۆ ئەوەی تونێلەکان بەجێبهێڵن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، لافاوکردنی تونێلەکان زیان بە خەڵکی سڤیل لە غەززە دەگەیەنێت، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە کە خەڵکی مەدەنی لە تونێلەکاندا هەبن کە لە ترسی بۆردومانی ئیسرائیل لەوێ خۆیان حەشارداوە، بەتایبەتی کە هیچ شوێنێکی دیکە نییە بتوانن پەنای بۆ ببەن لە کەرتی غەززە .
لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ـی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل پێنج پەمپی هەڵدانی ئاوی داناوە، کە نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە باکووری کەمپی پەنابەرانی بیچ لە غەززەوە دوورە، کە دەتوانێت هەزاران مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا بگوازێتەوە و لافاو لە تونێلەکان دروستبکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە