ئیسرائیل کەشتیەکەی سپای پاسدارانی کردووەتە ئامانج

ئیسرائیل کەشتیەکەی سپای پاسدارانی کردووەتە ئامانج

پەیامی کورد … ئیسرائیل کەشتیەکەی سپای پاسدارانی کردووەتە ئامانج

 

دوابەدوای هێرش بۆ سەر کەشتییەکی بە سوپای پاسداران، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئیسرائیل ئەمریکای لە هێرش بۆ سەر کەشتیی (ساویز)ی ئێران لە دەریای سوور، ئاگادار کردووەتەوە.

 

ئێوارەی سێشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢١،  میدیاکانی ئیسرائیل و تۆڕی میدیایی ئەلعەرەبییە بڵاویان کردەوە کە کەسانێکی نەناسراو لە دەریای سوور و لە نزیک کەنارەکانی یەمەن کەشتییەکی سەربازیی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج.

 

نیۆیۆرک تایمز لەمبارەوە نووسیویە لە حاڵێکدا هەواڵی هێرش بۆ سەر کەشتییەکی سەربازیی ئێرانی لە دەریای سوور بڵاو بووەتەوە کە لە ڕۆژانەدا میدیاکان باس دەسپێکی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە ڤییەن دەکەن و ئامانج لەم گفتوگۆیانە بووژانەوەی ڕێککەوتنی ئەوتۆمیی ئێرانە.

 

بەپێی هەمان سەرچاوە، کەشتیی (ساویز) گەرچی لەباری تەکنیکییەوە وەک کەشتییەکی بارهەڵگر دێتە ئەژمار، بەڵام وا دیارە ئەمە یەکەم کەشتیی سەربازییە کە لە تێکهەڵچوونی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا کراوەتە ئامانج.

 

ماڵپەڕی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران لەمبارەوە نووسیویە، بەپێی زانیارییەکان کەشتیی ساویز بەهۆی تەقینەوەی چەندین مین بە لاشەیەوە تووشی خەسارێکی زۆر بووە.

 

تۆڕی میدیایی (کان)ی ئیسرائیل لەمبارەوە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە ئەنجامدەرانی هێرش بۆ سەر کەشتییە ئێرانییەکە هەڵگری پەیامێکی تەیبەتن بۆ ئێران.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە