بڕیاروایه له‌م هه‌فته‌یه‌دا سیستمی نوێی موچه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماده‌بكرێت، په‌رله‌مانی كوردستانی له‌وباره‌یه‌وه هاته‌ده‌نگ و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ-ش به‌پێویستی ده‌زانێت، "وه‌زاره‌تی ناوخۆ داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم بكات ئه‌و 10 ملیار دیناره زیادبكات كه بۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ته‌رخانكردوه”، ده‌شڵێت:”پێده‌چێت له‌م سیستمه نوێیه‌ی موچه‌دا هێزه ئه‌منیه‌كان زه‌ره‌رمه‌ندبن".
سه‌عید مه‌سیفی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ‌و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێیه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان ڕاگه‌یاند، "به‌گوێره‌ی به‌دواداچونه‌كانمان، هه‌رچه‌نده كۆبونه‌وه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و دارایی به‌رده‌وامه، به‌ڵام تائێستا هیچ میكانزم و خشته‌یه‌كی پێشنیازكراو بۆ سیستمی نوێی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ دانه‌نراوه”.
سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كانی به‌رده‌م ئاماده‌كردنی خشته‌ی موچه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته، ئه‌و په‌رله‌مانتاره وتی:”ڕێژه‌ی لێبڕینی موچه له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ جیاوازه‌و موچه‌ی پله‌باڵاكانی ئه‌و وه‌زاره‌ته به‌ڕێژه‌ی (75%) پاشه‌كه‌وت له‌موچه‌كانیان ده‌كرێت و كه‌مترین لێبڕینیش بریتییه له(30%)، بۆیه ناكرێت به‌ته‌نها ده‌ستكاری موچه‌ی پله‌باڵاكان بكرێت یان پۆلیسی ئاسایی، به‌ڵكو ده‌بێت ده‌ستكاری ڕێژه‌ی هه‌موو پله‌كان بكرێت كه ئه‌وه‌ش پاره‌یه‌كی زیاتری ده‌وێت”.
به‌وته‌ی مه‌سیفی، "تائێستا نازانرێت ئایا به‌و 10 ملیار دیناره‌ی بۆ موچه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته ته‌رخانكراوه، ده‌توانرێت ده‌ستكاری موچه‌ی ته‌واوی هێزه ئه‌منیه‌كانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكرێت یان نا، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مجاره هێزه ئه‌منیه‌كان زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌و سیستمه بن”.
سه‌عید مه‌سیفی ئه‌وه‌شی وت:”ده‌بێت ئه‌م هه‌فته‌یه سیستمی نوێی موچه‌ی ناوخۆ ئاماده‌بكرێت و ده‌بێت وه‌زاره‌تی ناوخۆ داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم بكات ئه‌و 10 ملیار دیناره زیادبكات كه بۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ته‌رخانكردوه”.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە