پەیامی کورد … دەستبەسەرکرانی خوێندکارێکی کورد لە شاری مەریوان
یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای مەریوان هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندی «گوڵچێر» و بێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لاوێکیان بە ناوی خەبات وەیسی تەمەن ٢٤ ساڵ دەستبەسەر کردووە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خەبات وەیسی کە خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی پەیامی نووری شاری مەریوانە، دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای مەریوان گوازراوەتەوە و شەوی ڕابردوو لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە.
ئەو سەرچاوەیەی نزیک لە بنەماڵەی وتی: «هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا سەرەڕای دەستبەسەرکرانی خەبات وەیسی دەستیان بە سەر مۆبایلی خۆی و باوکی بە ناوی عەبدوڵڵا وەیسی دا گرتووە.»
عەبدوڵڵا وەیسی خەڵکی گوندی «گوڵچێر» ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (٢٠ی ژوئیەی ٢٠١٩) دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا. ناوبراو پاش ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
هێزە ئەمنییەکان داوایان لە بنەماڵەی وەیسی کردووە کچەکەیان کە ئەندامی حیزبێکی دژبەری حکومەتە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بکاتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە