پەیامی کورد ... راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی توركیا، لە كۆبوونەوەیەكدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و توركیایان تاوتوێ كرد.
مەسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩-٤-٢٠١٩ پێشوازی لە مەولوود چاووش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە باڵیۆزی توركیا لە عێراق و كۆنسووڵی گشتی توركیا لە هەولێر و ژمارەیەك راوێژكار و بەرپرس لە هەردوولا ئامادە بوون، پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە تاوتوێ كران.
وەزیری دەرەوەی توركیا، هیوای سەركەوتنی بۆ مەسروور بارزانی لە سەرۆكایەتیكردنی كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمدا خواست و ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ هاوكاریكردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوولا لە گشت بوارەكاندا دەربڕی.
لە بەرامبەردا، مەسروور بارزانی ویستی ھەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ھەمەچەشنەكان لەگەڵ توركیا خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە دا، كە ھەرێمی كوردستان و عێراقیش پێویستییان بە پاڵپشتی و یارمەتیی دراوسێكان ھەیە، بە تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی رەوشی ئەو دەڤەرانەی لە ئەنجامی شەڕی دژ بە تیرۆریستان زیانمەند بوونە.
پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی و دۆسیەی ئاسایشی ناوچەیی و ھەڕەشەكانی تیرۆر لە دەڤەرەكەدا، تەوەری دیكەی كۆبوونەوەكە بوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە