پەیامی کورد ... وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، بەڕێوبەرایەتییەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لیستی تایبەتی سزاکان بۆ سەر تورکیا دەپارێزێت تاوەکو لەکاتی پێویستدا بەکاریان بهێنێت.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیەدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی پەسەند کرد، کە داوا لە دۆناڵد ترامپ دەکات بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا سزای زیاتر بەسەر بەپرسانی ئەنقەرەدا بسەپێنێت.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، ستیڤن منۆچین، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، بەڕێوبەرایەتییەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لیستی تایبەتی سزاکان بۆ سەر تورکیا دەپارێزێت، تا لەکاتی پێویستدا بەکاریان بهێنێت، بەڵام تا ئێستا ڕازین لەسەر ئاگربەستەکەی سووریا کە بوە هۆی لابردنی سزاکانی سەر تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر ئاگربەستەکەی سووریا "بەباشی بەڕێوەنەچێت" ئەوە ئەمریکا سزای ئابووری دەسەپێنێت بەسەر تورکیادا.
وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا وتیشی، "هێشتا لیستی سزاکانمان لایە، هیچ شتێک نیە وام لێبکات بڕوا بکەم بەکاریان دەهێنین، پێموایە رازین لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی شتەکان".
پرۆژە یاساکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە دەنگی ٤٠٣ ئەندام بەبەڵی و ١٦ دەنگیش بە نەخێر پەسەندکرا و باس لەوە دەکات، پێویستە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تورکیا رابگیرێت و داواش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کراوە زانیاری تەواو لەسەر داهاتی ئەردۆغان و بەرپرسانی تری تورکیا لە ئەمریکا بداتە کۆنگرێس بەمەبەستی سەپاندنی سزا بەسەر ئەوانیشدا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە