پەیامی کورد ... ئێران هەڕەشەی کردەوەی تیرۆریستی لە بەلجیکا دەکات
دیپلۆماتێکی ئێرانی کە پێشتر بە هۆی پیلانگێڕی و داڕشتنی گەڵاڵەی تێرۆریستیی لە وڵاتی بەلجیکا دەسبەسەر کرابوو، هەڕەشەی کردەوەی تێرۆریستی لەو وڵاتە دەکا.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئاشکرای کرد کە “ئەسەدوڵا ئەسەدی” دیپلۆماتی ڕێژیمی ئێران، کە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تەقینەوە لە کۆبوونەوەی حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە پاریس، کە لە وڵاتی بەلجیکا دەسبەسەر و دادگای دەکرێ، هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر بە تۆمەتبار بناسرێ گرووپە تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کردەوەی تێرۆریستی لە ژێر ناوی” تۆڵە سەندنەوە” ئەنجام دەدەن.
بە پێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، کە ڕۆژی هەینی٩ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، بڵاویکردەوە بە پێی بەڵگەکانی پولیس، دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لە وڵاتی بەلجیکا کە تۆمەتبارە بە گەڵاڵەداڕشتن بۆ بۆمبڕێژکردنی هۆڵێکی کۆبوونەوەی حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی فەرانسە، هەڕەشەی لە بەرپرسانی وڵاتی بەلجیکا کردووە کە ئەگەر لە ڕەوتی دادگاییەکاندا وەکوو تۆمەتبار بناسرێت، ئەوە گرووپە تێرۆریستە نەناسراوەکان بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە.
“ئەسەدوڵا ئەسەدی” کە باڵوێزی باڵوێزخانەی ئێران لە”ڤیەن”بوو، لە گەڵ سێ کەسی دیکە لە ساڵی ٢٠١٨ بە تۆمەتی پیلانگێڕی و گەڵاڵەداڕشتن بۆ هێرشێکی تێرۆریستی بە دژی کۆبوونەوەی حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە پاریس، کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکای و ئورووپایی لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون دەسبەسەر کران.
بەرپرسانی فەرانسەوی ڕایانگەیاندوە کە ناوبراو بەرپرسی زانیارییەکانی ئێرانە لە باشووری ئورووپا، کە بە فەرمانی بەرپرسانی ئێران لە تاران، ئەو گەڵاڵە تێرۆریستییەی داڕشتووە.
ئەم دیپلۆماتکارەی ئێران، بە ئاشکرا هەڕەشە لە بەرپرسانی وڵاتی بەلجیکا دەکا و دەڵێ: ڕەوتی تێپەڕ بوونی دادگایکردنی من لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ژێر چاوەدێری دایە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دەزگای قەزایی دەکەن، ئەگەر من لەم کەیسە بە تاوانبار بناسرێم ئەوە دەبێ دەوڵەتی بێلژیک چاوەڕوانی تۆڵەی قورس بێ لە لایەن گرووپە چەکدارە تۆندڕەوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە