پەیامی کورد … ئێران: لەگەڵ ئەمریکا لە بارەی ئاڵوگۆڕی بەندکراوەکان لە گفتوگۆداین
عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکوومەتی ئێران، ئەوەی ئاشکرا کرد کە دەربارەی ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوەکان لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدان.
عەلی رەبیعی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە تاران، باسی لە ئەگەری ئاڵوگۆڕکردنی ئەو بەندکراوانەی هاووڵاتی ئێرانین و لە ئەمریکا یان هەر وڵاتێكی دیکە بە فەرمانی ئەمریکا بەندکراون، لەگەڵ ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە ئێران بەند کراون، کرد و وتی: "بە حکوومەتی پێشووی ئەمریکا-مان راگەیاندبوو کە ئێمە ئامادەین ئەم کارە ئەنجام بدەین، بەڵام ئەوان دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆیان رەتکردەوە و سووربوون لەسەر بە بارمتە هێشتنەوەی ئێرانییەکان".
وتەبێژی حکوومەتی ئێران تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە هەڵوێستی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، دەربارەی ئەم بابەتە ئەرێنییە و وتی: "دانوستانەکان دەربارەی ئەم پرسە بەردەوامن. ئەگەر دانوستانەکان بگەنە ئەنجام و بەندکراوە ئێرانییەکان ئازاد بکرێن، ئەوا لە چەند رۆژی داهاتوودا زانیاری دەربارەی ئەم بابەتە دەخرێتەڕوو".
لە ئەمریکا ژمارەیەک هاووڵاتی ئێرانی بەتۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەیان زیندانیکراون، پێشتریش لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوان ئەنجامدراوە کە دوایین جار لە حوزەیرانی 2020دا بوو کە ئێران سەربازێکی پێشووی ئەمریکا-ی لە بەرامبەر زانایەکی ئێرانی ئازاد کرد کە لە ئەمریکا زیندانی کرابوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە